بەڵێ بۆ سەندنەوەی متمانە لەزێباری و دەركردنی كورد لەبەغدا!
عەتا قەرەداخی
هەر متمانە سەندنەوە نا بەڵكو هیوادارم بەرپرسانی كورد لە بەغدا بەرسزای تووندیش بكەون لەپای خزمەتكردنی عێراقی عروبە. ئاشكرایە ئەو كوردانەی لەبەغدان پارەی مۆڵ بە شەرعی و ناشەرعی وەردەگرن، بە گشتی لە پێناوی بەرژەوەندییەكانی خۆیان و حیزبەكانیاندا لەوێن و لە دوو رووەوە هیچ سوودێكیان بۆ كوردو كوردستان نیە. یەكەم لە رووی یاساییەوە بە هەموویانەوە نەیانتوانیووە بچووكترین رۆڵیان هەبێت بۆ جێبەجێكردنی بچوكترین خاڵ لە مادەی 140. بە هەموویانەوە نەیانتوانیووە رۆڵیان هەبێت لەوەی حكومەتی بەغدا كەمترین ئیلتیزاماتی خۆی بەرامبەر بە هێزی پێشمەرگەی كوردستان جێبەجێ بكات. بەهەر هۆو بیانوویەكیشەوە بێت ئەوە زیاتر لە دوو ساڵە بەغدا بودجەی خەڵی كوردستانی بڕیووەو بە هەموو ئەو كوردانەی لە بەغدان لە ئاغای بە ناو سەرۆك كۆمارو ئاغای بەناو جێگری سەرۆكی پەرلەمان و ئاغای وەزیری دارایی و كۆی ئاغاكانی تریشەوە نەیانتوانیووە بایی ئەوە قورسییان هەبێت كە بەغدا سەدهەزار دیناریەك لە موچەی خەڵكی كوردستان بنێرێت، كە دیارە بەهای بە ناو نوێنەرانی كورد ئێستا لە بەغدا بایی ئەو سەد هەزار دینارە نابێت، ئیتر كەواتە سوودی كورد چیە لە بەغدا، رەنگە هەندێ ئەندام پەرلەمان و خەڵكی تریش بۆ پاراستنی بەرژەوەندی خۆیان پاساو بهێننەوە. بەڵام ئەوە ئاشكرایە كە رۆژ لە دوای رۆژ كورد لای بەغدا سوكترو بێبەهاتر دەبێت، بۆیە چاوەڕوان ناكرێت بوونی ئەو هەموو كوردە لە بەغدا بچووكترین سوودی نەتەوەیی و نیشتیمانی بۆ كورد هەبێت. بۆیە هیوادارم حكومەتی بەغدا پیاوەتیەكی گەورە لەگەڵ كورددا وەكو نەتەوە بكات و سەرجەم نوێنەرانی كورد لە بەغدا دەربكات و بەجۆرێكیش تەڵاقیان بدات ئاغای سیستانی گەورە مەرجەعی شیعەو گەورە موفتی سونەو هیچ مەلایەكی پایەبەرزی كوردیش بۆی چاكنەكرێتەوەو بەشەرعی هەندێ مەلای تەڵەكەبازیش مارەبەجاشیش نەكرێنەوە.
بەڵێ هیوادارم بەغدا دەرگای خۆی بە تەواوەتی بە رووی كورددا دابخات لەبەر دووهۆ: یەكەم بۆ ئەوەی كۆی ئەو بەناو نوێنەرانەی كورد دەربكات و ئومێدیان بە بەغدا نەمێنێت. دووەم بۆ ئەوەی بە مارەبەجاشیش ئەو حیزب و كەسانە وەرنەگرێت كە بەهەر هۆیەكەوە بێت گۆرانی بە باڵای بەغدادا دەڵێن و ئەگەری ئەوە زۆرە ئەزموونێكی تری شێوەیەك لە جاشێتی لە كوردستاندا رووبدات. دیارە ئەگەر بەغدا بە تەواوەتی كورد لە حكومەت و پەرلەمانەكەی دەربكات و كورد ئومێدی ئەوەی نەمێنێت بچێتەوە ژێر سێبەرەی ئەو باوكە جەلادە یان ئەو مێردە دڵڕەق و تووندو تیژەی كە هەر رۆژەی بە جۆرێك لاقەی دەكات، رەنگە بە ناچاری بیرێك لە خۆی بكاتەوەو ئەوەش ناچاری بكات بیرێك لە ناوماڵی شێواوی خۆی بكاتەوەو لە ترسی لەناوچوون هەوڵی باشتركردنی ناوماڵەكەی بدات. بۆیە لێرەوە من ئاواتەخوازم نەك تەنیا متمانە لە هوشیار زێباری بسەندرێتەوە، بەڵكو كۆی بەرپرس و نوێنەرانی كورد لە بەغدا سواری پشتی لۆری بكرێن و لەم دیووی زنجیرە چیای حەمرینەوە هەڵبڕێژرێن و نەهێلن پێبخەنەوە بەغدا، بەڵكو بە ناچاری دەستەبەرداری بەغدا ببن.