بڕیارێك بۆ دوورخستنەوەی 10 پەرلەمانتاری كورد لە بەغدا دەركرا
دوای دەركردنی دوانزە بڕیار دژ بە هەرێی كوردستان لەماوەی دوو رۆژ لە ئێستادا هەولێك هەیە بۆ پەروێزخستنی فراكسیۆنەكوردستانیەكان لە پەرلەمانی عێراق بۆ ئەم مەبەستە بەهۆی بەشدارییكردنیان لە ریفراندۆمی باشووری كوردستان، لیژنەیەكی پەرلەمانی عێراق بڕیاری دوورخستنەوەی 10 پەرلەمانتاری كورد لە پەرلەمانی عێراق پەسند دەكات.
عالیە نوسەیف، پەرلەمانتاری ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا كە یەكێكە لەو پەرلەمانتارانەی بەوە ناسراوە بەردەوام لێدوان دژی كورد و كوردستان دەدات، رایگەیاندووە: لیژنەی كاتی پەرلەمان كە لە هەردوو لیژنەی یاسایی و كاروباری پەرلەمانتاران پێكهاتووە، بەهۆی بەشداریكردنیان لە ریفراندۆم، لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆیاندا بڕیاری دوورخستنەوەی 10 پەلەمانتاری كوردیان داوە.
بەگوتەی عالیە نوسەیف، لیژنەكە ناوی هەر 10 پەرلەمانتارەكەی بۆ سەرۆكایەتیی پەرلەمانی عێراق بەرزكردووەتەوە، تاوەكو دوورخستنەوەیان بخرێتە دەنگدانەوە.
ئەو پەرلەمانتارانەی ناوەكانیان بەرزكراوەتەوە بریتین لە: ئارێز عەبدوڵڵا، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی، عەرەفات كەرەم، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی، موسەننا ئەمین، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی، شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی، پەرلەمانتاران نەجیبە نەجیب، ئەشواق جاف، عادل نووری، عەبدولعەزیز حەسەن و ڤیان دەخیل.
لەبەرامبەردا موسەننا ئەمین، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاندووە، سزادان لەسەر سەربەخۆیی كوردستان شەڕەفێكی گەورەیە، ئەگەر هەر پەرلەمانتارێكی كورد بەو شێوەیە سزابدرێت، ئەوا گەورەترین شانازییە و ناوی دەچێتە مێژوو.
سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتووی گوتیشی: “ئەمانە تووشی شۆك بوونە و دەیانەوێت بەو شێوەیە تۆڵەمان لێبكەنەوە، شەڕی شكاندنی ئیرادەمان لەگەڵدا بكەن، بڕیارەكەش نایاساییە و دروستكردنی تەنگژەیەكی دیكەیە بۆ پەرلەمانی عێراق، لەكاتێكدا بەهیچ شێوەیەك ئەمە كاری پەرلەمان نییە، بەڵكو بە لاڕێدابردنی زیاتری پەرلەمانە”.
موسەننا ئەمین ئاماژەی بەوەش كرد، تەنانەت ئەگەر یەك پەرلەمانتاری كوردیش لەسەر ئەمە سزبدرێت، ئەوا پێویستە سەرجەم فراكسیۆنە كوردستانییەكان بە تێكڕا و پێكەوە دەنگ هەڵبڕن و پەرلەمان بایكۆت بكەن.
لەبارەی ئەوەی ناوی هیچ پەرلەمانتارێكی گوڕان و كۆمەڵی تێدا نەهاتووە، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتوو گوتی: “بەغدا بەو هەڵوێستەیان دەیانەوێت ئێمە بكەنە دووبەش و درز بخەنە نێوانمان، وای پێشان بدەن كە سزاكان بۆ هەموو كورد نین، بۆ بەشێكیانن، ئەمەش جۆرێكە لە دڵپیسی و سیاسەتی فێڵبازی”