عادل نووری: بشمكوژن نالێم پەشیمانم لەو (بەلێ‌) یەی بۆ سەربەخۆیی وڵاتەكەمم كردووە

 

دوای ئەوەی پەرلەمانی عێراق بڕیاری دورخستنەوەو سزادانی ئەو پەرلەمانتارانەی كوردستانی دەكرد, كە بەشداریان لە پرۆسەی ریفراندۆی سەربەخۆیی كوردستانیان كردووە, ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ڕای دەگەیەنێ، گەر كە پێویست بوو، گشت پەرلەمانتارە كوردەكان، ناویان لەو لیستەدا بووایە، كە ئەندامێتیان ھەڵپەسێردراوە و مافی پارێزبەندیان لێ وەردەگیرێتەوە، چونكە ئەوە لیستی شەرەف و شانازییە.

عادل نووری، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاندووە: “نوێنەرانیی كورد، لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ئەركی سەرشانمانە كە داكۆكی لە مافی گەلەكەمان بكەین، ئەو بڕیارەش كە بۆ ھەڵپەساردنی ئەندامێتیمان دراوە، كارێكی نادەستووری و جاھیلانەیە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەگەر بمكوژن پەشیمانی دەرنابڕم لە ئەو دەنگەی بە (بەڵێ) بۆ سەربەخۆیی وڵاتەكەم داومە”.

ئەو پەرلەمانتارە، ئەوەشی خستە روو، كە دەبوو ناوی ھەر 65 نوێنەرەكەی كورد لەو لیستەدا بووایە، كە ئەندامێتیان ھەڵپەسێردراوە و مافی پارێزبەندیان لێ وەردەگیرێتەوە، چونكە ئەوە لیستی شەرەف و شانازییە، دەشڵێت: “كاتێك دەنگمان بۆ ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی دا، وێنەی كارتەكەمان بڵاو كردەوە و ئاشكرامان كرد، ئەوەش دڵی نەیارانی كوردی تەقاندووە، بۆیە بەو شێوە شۆڤێنییە دەجوڵێنەوە، گلەیشم لە دوژمنانی كورد نییە، بەڵام دەپرسم ئایا دەبێ ناوی نوێنەری كورد لە لیستی داكۆكی لە مافی كورد دا نەبێ؟ ئایا ماقولە پەرلەمانتاری كورد ڕازی بێت لە ژێر زوڵم و ستەمی نەیاردا بمێنێتەوە؟”.

ئاشكراشی كرد كە ئاگادارە بەشێك لە پەرلەمانتاری كورد، دڵی نەیارانی گەلەكەیان خۆش دەكەن و زانیاری ناڕاستیش لەسەر یەكڕیزی كورد بۆ ئەوان دەبەن، گوتیشی: “ئێستا ھەموو كورد یەكڕیز و یەك ھەڵوێستە، واش دەمێنێتەوە بۆ دروستكردنی دەوڵەتی كوردستان، بۆیە دورخستنەوە یان ھەڵوەشاندنەوەی ئەندامێتیمان لە پەرلەمانی عێراق، لە پێناوی ئامانجی سەربەخۆی بە سزا نازانین، بەڵكو شانازی و سەربەرزییە بۆ ئێمە”.

Back to top button