كۆمسیۆن و ئەنجومەنی شوورا بۆ پرسی سەرۆكایەتیی ھەرێمی كوردستان كۆدەبنەوە
دوای ئەوەی كۆمسیۆنی باڵای هەلباردن و راپرسی لە هەرێمی كوردستان دەرگای خۆپالاوتنی بۆ پۆستی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان كردەوە, تا كۆتاهاتنی وادەی دیاری كراو بۆ پێشكەشكردنی كاندید هیچ هێز و لایەنێك كاندیدیان بۆ ئەم پرستە دیاری نەكردووە بۆیە لە ئێستادا كۆمسیۆن داوای لە ئەنجومەنی شوورای هەرێمی كوردستان كردووە، ڕێنماییان پێ بدات.
كاروان جەلال بەڕێوەبەری گشتیی داتا و زانیاری لە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردن و راپرسی رایگەیاند “كۆمسیۆن ئەمڕۆ یەكشەممە ٨/١٠/٢٠١٧، بەفەرمی داوای لە ئەنجومەنی شوورای هەرێمی كوردستان كرد، بۆ پرسی سەرۆكایەتیی ھەرێمی كوردستان ڕێنماییان پێ بدات”.
ئەوەشی ڕوون كردەوە كە هیچ كەسێك لە ماوەی دیاریكراودا خۆی بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستان كاندید نەكردووە و ماوەی خۆكاندیدكردن كۆتایی هاتووە.
گوتیشی ”داوامان لە ئەنجومەنی شوورا كردووە، لەبەر ئەوەی ماوەی خۆكاندیدكردن تەواو بووە و بەربژێریش نییە، ڕێگاچارە و ڕێكاری یاسایی لەمبارەیەوە چییە؟”.
بە گوتەی بەڕێوەبەرە گشتییەكەی كۆمسیۆن، سبەی دووشەممە ئەنجومەنی كۆمسیاران و ئەنجومەنی شوورا لە بارەی ئەو پرسە كۆدەبنەوە.