سوپای پاسداران ڕێگری لەدانانی پرسەدەکەن بۆ سەرۆک مام جەلال لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان
بەپێی زانیاریی پێگە هەواڵییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، دەزگا ئەمنی و سیاسییەکانی ئێران لە شارەکانی بانە و سنە و چەند ناوچەیەکی دیکە ڕێگەیان نەداوە خەڵک پرسە و سەرەخۆشی بۆ مام جەلال تاڵەبانی دابنێن.
دوێنێ شەممە بڕیا بوو لە شاری بانە پرسەی ماتەمینی بۆ جەلال تاڵبەانی سکرتێری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دابنرێت، کە بە بڕیاری لایەنە ئەمنییەکانی ئێران هەڵوەشاوەتەوە.
لە شاری سنەش خەڵک و ڕێکخراوە مەدەنییەکان داوای لە شارەوانی کردووە کە شوێنێکیان بۆ دابین بکات، بۆ دانانی پرسە بۆ مام جەلال کە خۆیان لێی بواردووە و بە خەڵکیان گوتووە: “پەیوەندیی بە ئێمەوە نییە و هەرکەس و لایەنێک بیگرێت ئەبێ خۆی بەپرسیارێتیی بگرێتە ئەستۆ.”
بڕیار بوو ئەمڕۆ یەکشەممە لە مەریوان پرسەی مام جەلال بەڕێوە بچێت، بەڵام بەپرسانی دامودەزگا حکوومەتییەکان بە بیانووی ئەوەی کە نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان ناتوانێ تێیدا بەشداری بکات دوا خراوە و خراوەتە سبەینێ، کە لەلایەن نازم دەباغەوە ڕەت کراوەتە کە دانانی پرسەی ماتەمینی لە مەریوان لەسەر داوای یەکێتی نەبووە و من هیچ ئاگاداری ئەو پرسە نیم.
باس لەوە دەکەن بڕیار بووە ئەو پرسەیە لەلایەن ڕێکخراوە مەدەنییەکانی مەریوانەوە بەڕێوە بچێت، بەڵام بە بڕیاری قایمقامی مەریوان و لایەنە ئەمنییەکان لە ڕاگەیەندراوێکدا ناوی ئەنجومەن و ڕێکخراوە مەدەنییەکانیان لابردووە و لەجێگەی ئەوان ناوی سوپای پاسداران و “بنکەی قەرارگای ڕەمەزان”یان داناوە کە دەبێتە ڕێکخەری پرسەکەی مام جەلال و ڕێکخراوە مەدەنییەکانی مەریوانیش بەم بۆنەوە و بەهۆی شپرەزەیی لە بەڕێوەبردنی ئەم پرسەیە، لە بەیاننامەیەکدا ڕایان گەیاندووە بەشداریی تێدا ناکەن.
هەتا ئێستا دیار نییە کە ئاخۆ سبەینێ ئەو پرسەیە لە مەریوان بەڕێوە دەچێت یان نا، ئەمە لە کاتێک دایە کە لە ڕێوڕەسمەکانی پرسەی ماتەمینیی مام جەلال تاڵەبانی لە مەریوان و هەڵەبجە و هەورامان خەڵکێکی زۆر لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە هاتبوونە هەرێمی کوردستان