ئیتر هێزەكانی ئێران و داعش لە لایەن ئەمریكا وەك یەك مامەڵەیان لەگەڵ دەكرێت
سوپای پاسدارانی ئێران هۆشداری دەدات لەوەی وڵاتەكەی هاوشێوەی مامەڵەكردن لەگەڵ داعش، لە هەموو جیهان و بەتایبەت لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، مامەڵە لەگەڵ سوپای ئەمریكا دەكات، گەر واشنتۆن سوپاكەیان بە “ڕێكخراوێكی تیرۆریستی” پۆلێن بكات.
لیوا محەمەد عەلی جەعفەری، فەرماندەی سوپای پاسدارانی ئێرانی، لە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی ستراتیژی سوپای پاسداران، ڕای گەیاند: “ئەگەر واشنتۆن بڕیاری دا یاسای سزا ئەمریكییەكان دژ بە ئێران كارا بكات، ئەوكات دەبێت هێزەكانی بۆ دووری دوو هەزار كیلۆمەتر دوور بخاتەوە، كە مەودای مووشەكەكانمانە”.
ئەوەشی خستەڕوو، كە هەر سزایەكی نوێی ئەمریكی بۆ سەر ئێران، پەیوەندییەكانی تاران و واشنتۆن بۆ هەتاهەتایە دەپچڕێنێت.
فەرماندە ئێرانییەكە، ڕوونیكردەوە، كە كاراكردنەوەی یاسای سزاكان، واتا دەرچوونی تاكلایەنەی ئەمریكا لە ڕێكەوتنە ئەتۆمییەكە، گوتیشی: “ئێمەش ئەوكات هەلی بێمێشكی ترەمپ لە هەڵسوكەوتەكەی لەگەڵ ڕێككەوتنەكە بۆ پەرەپێدانی بەرنامە مووشەكی و بەرگرییەكان، دەقۆزینەوە”.
جەعفەری، گوتیشی: “گەر واشنتۆن ئەو هەنگاوانە بە ئامانجی گفتوگۆكردن لەگەڵ تاران دا بنێت، ئەوە ڕێگەیەكی هەڵەی هەڵبژاردووە”. جەختیشیكردەوە، كە ئێران دەیەوێت كێشەكان لە شوێنێكی تر چارەسەر بكات، نەك لەسەر مێزی گفتوگۆ: “ئێران هیچی نییە بۆ ئەوەی لەو بارەیەوە بیڵێت”.
دەنگۆی ئەوە هەیە، ئەمریكا سزای سەر ئێران كارا بكاتەوە و سوپای پاسداران بە “ڕێكخراوێكی تیرۆریستی” پۆلێن بكات، بەتایبەت كە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، لەم ڕۆژانەدا گوتی:”زریانێك بەڕێوەیە”.