دیپلۆماتكارێكی باڵای ئەمریكا: ئەمریكا پشتگیری سەربەخۆیی كوردستان نەكات, سەركردایەتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە دەست دەدات

بەرپرسێكی پێشووی ئەمەریكا دووپات لەوە دەكاتەوە، پێویستە ئەمەریكا بە پەلە هەڵوێستی خۆی بەرامبەر بە كوردستان بگۆڕێ و پشتیوانی تەواوی سەربەخۆیی كوردستان بكات، بە پێچەوانەوە ئەمەریكا ڕۆڵی سەركردایەتیی لە ناوچەكە لە دەست دەدا و دژایەتیكردنی ویستی نەتەوەكانی ناوچەكەیش ئاڵۆزی زیاتر دێنێتە كایەوە و عێراق و سووریایش دەوڵەتی تێك شكاون و بەهیچ شێوەیەك ناتوانرێ چاك بكرێنەوە.

جۆن بۆڵتن باڵوێزی پێشووی ئەمەریكا لە نەتەوە یەكگرتووەكان لە وتارێكدا دەڵێ، ڕیفراندۆمی كوردستانی عێراق بۆ سەربەخۆیی و جیابوونەوە لە بەغدا، تا ئێستە ئەمەریكا بە ئاشكرا لە بایەخ و گرنگی تێنەگەیشتووە كە نزیكەی 93% دەنگیان بە بەڵێ بۆ سەربەخۆیی داوە، ئەمەیش لە كاتێكدایە ئەمەریكا ماوەیەكی زۆرە لە ناوچەكە بوونی هەیە، بەڵام سیاسەتی ڕوون و ئاشكرای نییە، ئەمەیش هەڵەیەكی گەورەیە كە سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریكا لە تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گرتوویەتییە بەر.

ئاماژەی داوە، پاراستنی بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا لە ناوچەكە ڕوو لە داڕمانە و كارێكی ئاسان نییە، ئێران بە چەكی ئەتۆمی هەڕەشە دەكات و بەردەوامە لە فرەوانخوازی، تا ئێستە نەتوانراوە تیرۆر ڕیشەكێش بكرێ و حزبوڵا و ڕێكخراوی داعش و قاعیدە بوونیان هەیە و كۆتایان نایەت، پەیكەری حكوومەتەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕوو لە داڕمانن و شێوازی نوێ دێتە كایەوە، ئاڵۆزی بەهۆی تیرۆر و ئیسلامی توندڕەو بەردەوامە و ویست و ئینتیما بۆ لایەنی نەتەوەیی و ئیتنی ڕوو لە بەهێزبوونە و ئەمەیش دووبارە تابلۆی دروستبوونەوەی دوای گۆڕانكارییە لە ناوچەكە، لە ژێر چەتری هەڕەشەكان و بڵاوبوونەوەی تیرۆر و چەكی ئەتۆم.

هەروەها دەڵێ، هیچ یەكێك لەو تابلۆ دروستكەرانە كاریگەری ڕاستەوخۆیان لەسەر سیاسەتی ئەمەریكا دانەناوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، وەك پلان و نەخشەڕێی كوردستانیش كە ماوەیەكی زۆر درێژە چاوەڕێی دامەزراندنی دەوڵەتی نەتەوەیی خۆیان دەكات، خەباتی نوێی كوردەكان لە دوای داڕمانی دەوڵەتی عوسمانلی و جەنگی یەكەمی جیهان بەردەوامی هەیە، ئێستە هێزەكانی ئەوروپا هاتوونەتە نێو نەخشەی ناوچەكە، بەڵام كوردەكان لەوكاتەوە نەیانتوانی پەستان و هەڕەشەكانیان ببێتە هۆی یەكلاكردنەوەی دۆزی گەلەكەیان، كە خاكی وڵاتەكەیان بەسەر توركیا و عێراق و ئێران و سووریا دابەش كراوە، بەڵام پێوەندی كورد لەگەڵ هەریەك لەو چوار بەشە هیچ كات لێك دانەبڕاوە و بەردەوامیش بووەتە هۆی ململانێی گەورە، لە توركیا زۆر بە ڕوونی دیارە، وڵاتانی ڕۆژئاوا لەم دواییە زۆرترین هاوسۆزییان بۆ دۆزی گەلی كوردستان هەیە، سەربەخۆخوازانی كوردستانی توركیا كە پارتی كرێكارانی كوردستانی ئایدلۆجیا ماركسی سەرپەرشتییان دەكات، بەرهەمی شەڕی ساردە و ئێستە واشنتن و ئەمەریكا لە بەرژەوەندییان نییە توركیا لاواز ببێ، چونكە جیۆگرافیای ستراتیجی ناوچەكە لە بەرژەوەندی ڕۆژئاوا نابێ، كاتێك باشووری ڕۆژهەڵاتی ناتۆ ئەو سەركێشییەی پێ بكرێ له كاتێكدا ڕووسیا بوونی هەیە. بەڵام لە دەرەوەی توركیا بە تایبەت كوردەكانی عێراق ڕۆڵی گەورەیان لە بنیاتنانەوەی ناوچەكە هەیە و یارمەتی ئەمەریكایان داوە لە سەرجەمی پرسەكان و جەنگەكان لە كەنداو و ناوچەكە.

لە بەشێكی تری وتارەكە دەڵێ، كوردستانی عێراق بە حوكمی ئەمری واقیع لە ساڵی 1991ەوە سەربەخۆیە و ئەمەریكا بە تەواوی پاراستوویەتی و هاوكاری مرۆیی گەورەی ناردووەتە ناوچەكە و دژەفڕینی لە ئاسمانی باكوری عێراق داناوە، دوای داڕووخانی سەدام و ڕژێمەكەی لە 2003 ئەگەری یەكخستنەوەی عێراق بەهێز بوو و بوونی هەبوو، بەڵام ئێران بە تەواوی بەری پێ گرت و ڕێی پێ نەدا، ئەویش بە بەكارهێنانی زۆرینەی شیعەی عێراق بۆ ئەوەی عێراق بكات بە مانگێكی دەستكرد بۆ خۆی و ڕوانینی بۆ ناوچەكان، ئەمەیش بە تەواوی هانی كوردەكانی دا تا بڕوایان بە عێراق نەمێنێ و بەرەو سەربەخۆیی بڕۆن. جگەلەوە سوننەكانیش ڕازی نین و حەز ناكەن ڕژێمی ئێستەی بەغدا كە شیعەكان دەستیان بەسەردا گرتووە، فەرمانڕەوایییان بكات كە زۆرترین خوێنڕێژییان بەرامبەر كراوە لەلایەن ئێرانەوە، ئەمانە وای كرد داعش بە خێرایی لە عێراق سەركەوتوو بن، وەك چۆن لە سووریایش داعش هەستی سوننەكانی سووریای بەكار هێنا بۆ دژایەتی ئەسەدی شیعە كە دژی عەرەبی سوننەكان دەجەنگا، ئەمەیش وای كرد سوننەكانی سووریا هەست بە پەراوێزخستن و هەوڵدان بۆ ڕیشەكێشكردنیان بكەن، لەلایەن چینێكی كەمی عەلەوی كە دەستیان بەسەر دیمەشقدا گرتووە، دوای داعش ئەوەی لەسەر ئەمەریكا پێویستە دان بە ڕاستییەكە بنێ، عێراق و سووریا دوو وڵاتی تێك شكاون و هیچ كات ناتوانرێ چاك بكرێنەوە، پێچەوانەی داننان بە نەمانی دەوڵەتی عێراق و سووریا دەبێتە هۆی بڵاوبوونەوەی ئاڵۆزی زیاتر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەو چوارچێوەیەوە پێویستە ئەمەریكا پشتیوانی ڕەهای كوردستان بكات بۆ گەیشتن بە سەربەخۆیی و جیابوونەوە لە بەغدا.

باڵوێزی پێشووی ئەمەریكا لە نەتەوە یەكگرتووەكان دەڵێ، پێشتر من پێشنیازم دەكرد كە پێویستە دەوڵەتی عەلمانی لە عێراق دروست ببێ و وڵاتانی كەنداو هاوكاری بن و پشتیوانی دارایی پێشكەش بكەن، بەڵام لە واقیعدا ئەوە نایەتە دی، جگەلەوەیش سوننەكان كێشەیان لەسەر كەركووك و مووسڵ و دیالە هەیە لەگەل كوردستان، بۆیە دەكرێ ببن بە دەوڵەتێكی عەلمانی سوننە و هاوكاری تەواویان بكرێ و نەوتی بەشی باكوری نیمچە دوورگەی عەرەبی دەكەوێتە ژێر دەسەڵاتی ئەو دەوڵەتە و ئەمەیش هەڕەشەیەكی گەورە دەبێ بۆ سەر ئێران، بەڵام وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا تەنانەت دژی ئەنجامدانی ڕیفراندۆمیش وەستایەوە، پێویستە بە خێرایی ئەم هەڵوێستە گۆڕانكاری بەسەردا بێ، چونكە ئەمە دەبێتە هۆی لە دەستدانی سەركردایەتیكردنی ناوچەكە لەلایەن ئەمەریكاوە، چونكە سەربەخۆیی كوردستان نابێتە هۆی تێكچوونی ئارامی ناوچەكە، بەڵكو پێچەوانەوە دەبێتە هۆی جێگیركردنی ئارامی لە ناوچەكە كە ئێستە لە دۆخێكی تەواو نائارامدایە.

سەرچاوە/ triblive

Back to top button