عەبادی هەموو جۆرە پەیوەندیەك لەگەڵ كورد دەپچڕێنێت, تەنانەت لە بەغداش ئامادەی پرسەی مام جەلال نەبوو
سەرۆك وەزیرانی عێراق حەیدەر عەبادی، لە شاری بەغداش هاوشێوەی هەرێمی كوردستان ئامادەی پرسەی مام جەلال تاڵەبانی سەرۆك كۆماری پێشووی عێراق نەبوو.
ئێوارەی ئەمڕۆ پرسەی مام جەلال لە میوانخانەی رەشیدی شاری بەغدا كۆتایی پێهات. ئەو مەراسیمەی بەغدا لە لایەن سەرۆك كۆماری عێراق فوئاد مەعسومەوە رێكخرابوو.
لە دووەم رۆژی ئەو مەراسیمەدا هەریەك لە سەرۆك كۆماری عێراق فوئاد مەعسوم و ژمارەیەك لە وەزیر و بەرپرس و باڵیۆزی وڵاتانی جیهان و ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران و كەسایەتی و بەرپرسانی لایەنە سیاسییەكانی عێراق و كەسایەتییە ئاینییەكان ئامادە بوون، بەڵام سەرۆك وەزیران حەیدەر عەبادی ئامادەی مەراسیمەكە نەبوو.
پێشتریش لە شاری سلێمانی عەبادی ئامادەی مەراسیمی هێنانەوەی تەرمی سەرۆك كۆماری پێشوو و مەراسیمی بەخاكسپاردنی نەبوو.