توركیا: كارمەندانی كونسولخانەی ئەمریكا لە وڵاتەكەی دەستگیر دەكات
دەسەڵاتدارانی توركیا فەرمانی دەستبەسەركردنی كارمەندێكی تری كونسڵخانەی ئەمریكایان لە ئەستانبوول دەركرد، هاوكات ئەنقەرە هۆشداری دایە واشنتۆن بۆ ئەوەی لە بڕیارەكەی دوێنێی سەبارەت بە ڕاگرتنی ڤیزای ئەمریكا بە هاووڵاتیانی توركیا، پاشگەز ببێتەوە.
میدیاكانی توركیا، بڵاویان كردەوە، كە ئاسایشی توركیا لێكۆڵینەوە لەگەڵ هاوسەری فەرمانبەرەكە و كوڕێكی دەكات، ئاماژە بەوەش دەدەن، كارمەندەكە لە ترسی دەستگیركردنی، لە كونسڵخانەكە ناچێتە دەرەوە.
هاوكات، ئاژانسی هەواڵەكانی (ئەنادۆلۆ)ی فەرمی توركی، بڵاویكردەوە، كە (فیلیپ كۆسنێت) بەرپرسی دووەمی بالیۆزخانەی ئەمریكا لە ئەنقەرە، ئەمڕۆ لەكاتی بانگهێشتكردنی بۆ وەزارەتی دەرەوەی توركیا، داوای ڕاگرتنی ڤیزەی ئەمریكا بە هاووڵاتیانی توركیا، ڕادەستی وەزارەتەكە كرد.
لەبەرامبەر بڕیارەكەی ئەمریكا، توركیاش بڕیاری دا، پێدانی ڤیزە بە هاووڵاتیانی ئەمریكا ڕابگرێت. لەوبارەیەوە، باڵیۆزخانەی توركیا لە واشنتۆن، دوێنێ ڕای گەیاند: “وەك وەڵامێك بۆ بڕیارەكەی ئیدارەی ترەمپ، پێدانی ڤیزە بە هاووڵاتیانی ئەمریكا ڕاگیرا”.