بێرنارد كۆشنەر: كورد گەورەترین گەلی بێ دەولەتە مافی سەربەخۆیی هەیە
وەزیری پێشووی كاروباری دەرەوەی فەرەنسا، (بێرنارد كۆشنەر) دەڵێت، هەرێمی كوردستان مافی خۆیەتی ببێت بە دەوڵەت.
هەرێمی كوردستان لە حەفتەی دابێدا ڕێفراندۆمی سەربەخۆییی كوردستان ئەنجام دەدات. بە گوێرەی میدیاكانی ئەمەریكا گەورەترین ڕووداوی مێژوویی لە حەفتەی دابێدایە، كە گەورەترین نەتەوەی بێدەوڵەت بڕیاری سەربەخۆیی دەدات.
وەزیری پێشووی دەرەوەی فەرەنساش لەسەر مافی كوردستان هاتە دەنگ و ڕایگەیاند: ”هەرێمی كوردستان مافی دەوڵەتبوونی هەیە و ئەو مافەش تەنیا ئەوان دەتوانن بڕیاری لەبارەوە بدەن.”
(بێرنارد كۆشنەر) بۆ ڕادیۆی نێودەوڵەتیی فەرەنسا دەڵێت: ”ئەگەرچی هەموو كەس سوودی لە كورد بینیوە، بەڵام تا ئێستا نایانەوێت كورد سەربەخۆ بێت، كورد گەورەترین نەتەوەی بێدەوڵەتە، هەڵبەت سەربەخۆییی كوردستان، هیچ پێوەندیی بە فەرەنسا و ئەمەریكاوە نییە. خەڵكی هەرێمی كوردستان، خۆیان بڕیار دەدەن و ئەو مافە هی خۆیانە، كە خاوەنی دەوڵەت بن و دەوڵەتی خۆیان دروست بكەن.”