پەیامێك لە قوباد تاڵەبانییەوە بەبۆنەی كۆچی دوایی مام جەلال
قوباد تاڵەبانی، كوڕی مام جەلال و جێگری سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، سوپاسنامەیەك بەناوی بنەماڵەكەیەوە بەبۆنەی كۆچی دوایی باوكی بڵاودەكاتەوە، تێیدا سوپاسی هاوخەمی خەڵكی هەرچوار پارچەی كوردستان، بەپرسانی عێراق و وڵاتانی دراوسێ و جیهان دەكات.
رۆژی دووشەممە 9-10-2017، قوباد تاڵەبانی، كوڕی دووەمی مام جەلال و جێگری سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان پەیامێكی ڤیدیۆیی بڵاوكردەوە و سوپاسی سەرجەم ئەو كەسانەی كرد كە لەپرسەكەدا بەشدارییان كرد و هاوخەمی كۆچی مام جەلال بوون.
لە بەشێكی قسەكانیدا جێگری سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان رایگەیاند “بەناوی خانەوادە و تەواوی كەسوكاری سەرۆك مام جەلال سوپاسی یەكە بەیەكەی خەڵكی كوردستان دەكەین بۆ دەربڕینی خەم و پەژارەتان لە دوای كۆچی مام، وەك چۆن لەسەر گۆڕە پیرۆزەكەی مام جەلال ئاماژەم پێدا و لێرەش دەیڵێمەوە، بۆخۆتان خۆشبن، چونكە باش دەزانین كە مام تەنها هی ئێمە و یەكێتیی و كوردستان نەبوو، بەڵكو رابەرێك بوو دەیتوانی سنووری بنەماڵەكەی، حیزبەكەی، نەتەوەكەی و وڵاتەكەی ببەزێنێت و ببێتە موڵكی هەمووان، دەربڕینی ئەو هەموو پرسە نامەیە نیشانەی ئەوەیە كە مام لە خانووە قوڕینەكان تاوەكو پایتەخەكانی جیهان كاریگەریی هەبووە”.
قوباد تاڵەبانی سوپاسی سەرجەم ئەو كەسانەی كرد كە هەستاون بە رێكخستنی پرسەی مام جەلال و گوتی “بەپێزانیێكی زۆرەوە ئەو فرمێسك و خەم و پەژارەی دەرتان بڕی لەم چەند رۆژەی رابردوودا كەمێك لە برینە قوڵەكەی ئێمەی ساڕێژ كرد، دەمانەوێت سوپای هەموو ئەو كەس و لایەنانە بكەین كە ئەركیان كێشاوە و هەستاون بە رێكخستنی مەراسیم و پرسە بۆ مامی خۆیان، لە جەنابی كاك مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان تاوەكو سەرۆكی حكومەت و سەرجەم دامودەزگاكانی حكومەتی هەرێم، بەتایبەت فەرمانگەی پرۆتۆكۆڵی هەرێم و پاسەوانانی شەڕەف كە ئەركیان كێشاو ماندووبوون لە پرسەی مام جەلال”.
لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا سوپاسی تەواوی خەڵكی كوردستانی بە تەواوی پێكهاتەكانەوە كرد، هەروەها رۆڵی دەزگاكانی راگەیاندنی لە رووماڵكردنی پرسەكەی مام جەلالدا بەرزنرخاند و گوتی “سوپاسی سەرجەم دەزگاكانی راگەیاندن دەكەین و دەستی یەكە بەیەكەی كارمەندەكانیان دەگوشین”.
قوباد تاڵەبانی سوپاسی تایبەتی تیمی پزیشكی مام جەلالی كرد و رایگەیاند “تیمی پزیشكی مام ماوەی 10 ساڵە لە خزمەت تەندروستی مام جەلال دابوون و سوپاسی تایبەتیان دەكەین”.
لە كۆتای قسەكانیدا ئاماژەی بە خەبات و رۆڵی مام جەلال كرد و دڵنیایی دایە خەڵكی كوردستان كە لەسەر رێبازی مام جەلال بەردەوام دەبن و راشیگەیاند “مام جەلال لە ئەشكەوتەكانی كوردستانەوە بەردەوام بوو لە خەبات تاوەكو ئەو كاتەی بووە سەرۆككۆماری عێراق، دڵنیاتان دەكەینەوە كە هەمووان بە نەسرەوتن تا سەركەوتن و رێبازەكەی مام دەپارێزین”.