سەدرییەكان هەڕەشەی هەڵكوتانە سەر پەرلەمان دەكەن
لەدرێژەی خۆپیشاندانی جەماوەری رەوی سەدر دژ بە حكومەتی عێراق و پەرلەمانی ئەو وڵاتە لە دواهەمین هەڵوێستی لیژنەی مەركەزی سەرپەرشتیكردنی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەكانی سەر بە رەوتی سەدر هەڕەشەی هەڵكوتانە سەر پەرلەمانی كرد.
ئەو لیژنەیە رایگەیاند، ئەگەر پەرلەمانی عێراق بیەوێت كاركردنی كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن بەم دەستەیەی ئێستایەوە درێژ بكاتەوە، ئەوا دەچینە سەر پەرلەمان.
ئیخلاس عوبەیدی ئەندامی لیژنەكە رایگەیاند، ئێمە پێشتر ناڕەزایەتییەكانمان دواخست بۆ ئەوەی دەرفەت هەبێت و پەرلەمان كۆمیسیۆنێكی نوێ هەڵبژێرێت، بەڵام سوودی نەبوو.
گوتیشی: ئەوانە یەكجار بڕیار و هەڵوێست و ویژدانیان ناخەنە خزمەتی عێراقەوە.
هەروەها گوتی: ئەگەر پەرلەمان بە خواستی خەڵك نەبێت، ئەوا خەڵك هەڵدەكوتێتە سەر پەرلەمان و هەقی خۆی لەو پەرلەمانتارانە وەردەگرێتەوە و چاریشیان ئەوەیە یان واز بێنن یاخود رێگە بدەن خەڵك چارەنووسی خۆی دیار بكات.
هەروەها جەختی لەسەر ئەوە كردەوە، ئەگەر پەرلەمانی عێراق گوێ بە داوای رەوتەكەی نەدات، ئەوا ملیۆنێك خۆپیشاندەر دەنێرنە سەر پەرلەمان.