نووسەرێكی دیاری توركیا: هەنگاوەكانی بارزانی هەمووان سەرسام دەكات

چاوەكان چووەتە سەر شەڕی رزگاركردنی ئیدلیب، بەڵام توركیا بەهۆی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی كوردستان، لە هەڕەشەكردن لە حكوومەتی هەرێمی بەردەوامە. لە داهاتوویش پلانی مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان دانوستانە لەگەڵ توركیا و دەسەڵاتدارانی عێراق. ئەمە گوتەی نووسەری دیاری توركیا ناگیهان ئالچییە.

ئەو نووسەرە كە لە دەسەڵاتدارانی توركیا و تا ئاستێكیش هەرێمی كوردستان نزیكە، لە نووسینێكیدا كە لە رۆژنامەی (خەبەر تورك) بڵاوی كردووەتەوە، ئاماژە دەكات ماوەیەكی زۆرە بە دوای وەڵامی ئەو پرسیارەدا دەگەڕێت، ئایە هەرێمی كوردستان ئەنجامی ڕیفراندۆم هەڵدەوەشێنێتەوە؟

وەكوو خۆی باسی لێوە دەكات تا ئێستا هەر زانیارییەكی لە دەسەڵاتدارانی توركیا و هەرێمی كوردستان وەرگرتبێت راست دەرچووە، بۆیە بۆ وەڵامی ئەو پرسیارە بەم شێوەیە وەڵام دەداتەوە “توركیا چەند هەڕەشە بكات و توند بێت بەرامبەر بە حكوومەتی هەرێمی كوردستان گرنگ نییە، چونكە هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان دوای مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، ئەردۆگانیان خۆش دەوێت.

لە درێژەدا دەنووسێت: “خەڵك گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی كە ئەو هەڕەشە و قسە توندانەی ئەردۆگان تەنیا بۆ مەبەستی راكێشانی دەنگی خەڵكە و بە پراكتیك هیچ هەنگاوێك بەرامبەر بە هەرێمی كوردستان نانێت”.

لە بەشێكی تری نووسینەكەیدا باس لە پلانی بارزانی دەكات كە هەموو لایەنێك سەرسام دەكات. ئەو پێی وایە ئیدی هەنگاوی دوای ڕیفراندۆم دانوستاندنە لەگەڵ توركیا و عێڕاق و ئێران، بە تایبەت توركیا كە دەیانەوێت پەیوەندییەكانیان ئاسایی بكەنەوە و ناكۆكییەكان وەلا بنێن.

ناگیهان ئالچی لە نووسینەكەیدا گەیشتووەتە ئەو بڕوایەی كە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان، بارزانی خۆی كاندید ناكاتەوە و كەسێكی دیكە دەخاتە شوێنی خۆی، بۆیە ئەو وەكوو سەرۆكێكی سیمبولی لەناو دڵی كورداندا دەمێنێتەوە و ئەركی ڕاگەیاندنی دەوڵەتی كوردیش دەكەوێتە ئەستۆی ئەو كەسانەی دوای ئەو دێن و بەرپرسیایەتی وەردەگرن.

لە شیكردنەوەكەیدا ئاشكرای كردووە، ئەگەر بارزانی هەر كەسێك لەناو پارتەكەی بۆ پۆستی سەرۆكایەتیی هەرێم كاندید بكات زۆرترین دەنگ دەهێنێت، چونكە ئیدی بارزانی بووەتە سەرۆكێكی سیمبۆلی و خۆشەویست لای خەڵك. دوای مردنی جەڵال تاڵەبانیش یەكێتی نیشتمانیی كوردستان و زۆربەی لایەنگرانی یەكێتی دەنگ بەو كاندیدە دەدەن كە بارزانی هەڵیدەبژێرێت، بێگومان پارتە ئیسلامییەكانیش دەنگیان بۆ كاندیدەكەی سەرۆكی هەرێمی كوردستانە.

Back to top button