توركیا لە سیاسەتی سفر كێشەوە بۆ ئاڵوزترین وڵات
یاد سرێشمەیی
ئەحمەد داود ئۆغلو بەر لەوەی بچێتە نێو ئیدارەی توركیا وەك ڕاوێژكار ڕۆلی دەگێڕا، لەوكات كاری لەسەر ستراتیجی درێژ مەودای توركیا كرد، بۆ ئەوەی توركیا هەیمەنەی وەك میراتی عوسمانیەكان بۆ بگەڕێتەوە ببێتە وڵاتێك لەهەر گۆڕانكاریەكی ناوچەكەدا پرسی پێبكرێت و قسەی تێدا هەبێت رۆڵ بگێرێت بەناوی (عوسمانی نوێ)، ئەوەبوو كتێبی “قوڵایی ستراتیجی” نووسی وەك نەخشەرێگای تازەی دەولەت، دواتر كە بوو بە وەزیری دەرەوەی توركیا ستراتیجەكەی وەك بەرنامەی كاری توركیا كاری لەسەر كرا كە لەسەر زیاتر لەچەند ئارەستەیەك بوو. گرنگترینیان لەوانە.
۱- ئاراستەی سیاسی، توركیا هاوكێشەی كۆكردنەوەی كێشەكان و یەكسان كردنی بەسفر لەگەڵ وڵاتانی ناوچەكەو جیهانی دەستی پێدەكا.
۲- ئاراستەی ئابوری، فراوانكردنی پەیوەندیە ئابوریەكان و پیتەپێدانی بەرهەم هێنان لە كەرتی وزە, هەروەها توركیا جگە لە بەرهەمی ناوخۆی خۆی، چونكە وڵاتێكی (ئەفرۆـ ئاسیا) ییە واتا لەنێو هەرسێ كیشوەری ئەوروپاو ئاسیاو ئەفریقایە، دەكرێت بكرێتە (پێباز)ی پەیوەندیە ئابوریەكانی وڵاتان لەم سێ كیشوەرە, رۆڵی هەبێت لە ئابووری جیهان.
۳-ئاراستەی فەرهەنگی و دینی، لەم ڕووەوە ئۆغلو دەلێت، ئەگەر توانیمان شكۆی ڕۆژهەڵات واتا شكۆی شارستانی ئیسڵامی لەگەڵ عەقڵانیەتی ڕۆژ ئاوا، پیت و بەرەكەتی باكورو گەڕان بەدوای دادپەرووەری لەباشور یەكبخات دڵنیام دەتوانین ببینە وڵاتێكی نمونەی.
دوای ئەوەی ئۆغلو لە پۆستی سەرۆك وەزیران دەستی كێشایەوە گوتی” بە حكومەتم گوت لەكوێ تەنها خالێكی نەخشەرێگاكەتان بەجێ نەگەیاند لەوێ وڵات بەدواوەدا غلۆردەبێتەوە.
ئێوە سەیری كەن توركیا دەكەوێتە كوێی نەخشە ڕێگاكەی ئۆغلو.
۱- شەڕی ڕۆژئاوای كوردستان و دەستبردن بۆ ئیدل بوو چەند ناوچەیەك لەڕووی سەربازی.
۲- تێكچوونی پەیوەندی لەگەڵ دڵی ئەوروپا (ئەلمانیا).
۳- تێكچوونی پەیوەندی پێشتر لەگەڵ حكومەتی عێراق لەسەر پرسی بونی هێزی سەربازی لە چەند ناوچەیەك و نەكشاندنەوەی.
٤- تێكچوونی نێوانیان لەگەڵ ئێران لەبارەی بەشداری كردنی حەشدی شەعبی لە كۆنتۆلكردنەوەی تەلعەفەر و پێشوازە پڕلە پرسیارەكەی ئێران لەدوا سەردانی بۆ ئەو وڵاتە.
٥- خراپی پەیوەندی سیاسی لەگەڵ ئیسرائیل.
٦- تێك چونی پەیوەندی لەگەڵ ئەمریكا و هەلپەساردنی پێدانی ڤیزا لەلایەن ئەمریكا، لەبەرامبەردا دەركردنی فەرمانی دەستگیركردن بۆ دوو كارمەندی بالیۆزخانەی ئەمریكا لەو وڵاتە.
۷-هەڕەشەكردن لە كوردستان لەبەرامبەر هەنگاوی سەربەخۆیی و ترساندن بە فشاری ئابوری و ئەمنی كە خۆیی زیانی چەندجار زیاتری پێدەكەوێت.
۸ ـ هەنگاونان دژ بەخواستی رووسیا بەتایبەت دوایی سەردانی سەرۆك وەزیرانی ئۆكرانیا ئەردۆگان گوتی” لەگەڵ یەكپارچەیی خاكی ئۆكرانیاین بە هەرێمی كرملنەوە”
۹ـ وازهێنان لەخەونی ئەندام بوون لە یەكێتی ئەوروپا، كە ئەردۆگان وتی چیتر هەولی بۆنادەین.
ئێستا توركیا لەنێو ئەو كێشانەدایە، كێشەكانیش دوای وازهێنانی ئۆغلو زۆربەیان دروست بوون، ئەو هەڵچونانەی ئەردۆگان پەیوەندی بەهەموو ئەو كێشانەوەیە، بەڵام ریفرادۆمی لێ بەئامانج گرتووە.
لەئەگەری زیاتر دووركەوتنەوە لەنەخشەڕێگای ئۆغلوو، ئەو قسەیەی ئۆغلۆ وەڕاست دەگەڕێت كە دەڵێت جێبەجێ نەكردنی ستراتیجەكە دەرهاویشتەی خراپی دەبێت وڵات پێچەوانە غلۆر دەبێتەوە.
٭ غلۆربوونەوە، پێداچون، بەپاشداگەڕانەو.
٭ پێباز ، شوێنی پەڕینەوە، ئەوبەردەی لەجۆگەلە پێی دەخەیتەسەر بۆ بازدان.