بارزانی: مامۆستا كەریم زەند كەسایەتییەكی نیشتمانپەروەری كوردستان بوو
سەرۆكی هەرێمی كوردستان كەریم زەند بە كەسایەتییەكی نیشتیمانپەروەری كوردستان ناودەبات كە رۆڵێكی گرینگی گێڕاوە و سەدان وتاری بۆ گەلەكەی كردووەتە دیاری.
مەسعود بارزانی ، سەرۆكی هەرێمی كوردستان پەیامێك بۆ كۆچی دوایی مێژوونووس، لێكۆڵەر و رۆشنبیر رۆژهەڵاتی كوردستان بڵاودەكاتەوە و رایدەگەیێنێت: “هەواڵی كۆچی دوایی مامۆستا و مێژوونووس و رۆشنبیری ناودار و كەسایەتیی نیشتیمانپەروەری كوردستان، مامۆستا كەریم زەند خەمباری كردم”.
بەناوی خودای مەزن و دلۆڤان
بنەماڵەی بەڕێزی مامۆستا كەریم زەند
هەواڵی كۆچی دوایی مامۆستا و مێژوونووس و ڕۆشنبیری ناودار و كەسایەتیی نیشتیمانپەروەری كوردستان، مامۆستا كەریم زەند خەمباری كردم.
مامۆستای كۆچكردوو، خەباتگێڕ و نیشتیمانپەروەرێكی ماندوویی نەناسی گەلەكەمان بوو. یەكێك بوو لەو دڵسۆزانەی خزمەتی كۆماری كوردستان لە مەهابادی كرد و بە درێژایی ژیانی وەك مامۆستا، مێژوونووس، لێكۆڵەر و ڕۆشنبیرێكی بە ئەزموون و بەتوانا، ڕۆڵێكی گرینگی گێڕاوە و دەیان كتێب و سەدان وتاری لەبواری مێژوو و جیوگرافیا بۆ گەلەكەی كردۆتە دیاری.
لەم بۆنە خەمناكەدا لە دڵەوە سەرەخۆشی لە ئێوەی بەڕێز و كەسوكار و خزمان و ئاشنایانتان و سەرجەم مامۆستایان و ڕۆشنبیرانی كوردستان دەكەم و هاوبەشی خەمتانم.
لە خودای گەورە داواكارم گیانی پاكی مامۆستا كەریم زەند بباتە بەر ڕەحمەتی خۆی و دڵنەوایی و ئارامییش بە هەموو لایەك ببەخشێت.
انا لله وانا الیه راجعون