فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق ناگەڕێتەوە بەغدا
دوای كۆبووونەوەیان لە هەولێر فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق بڕیاریدا تاوەكو ئەو كاتەی حكوومەت و پەرلەمانی عێراق لە هەڵوێست و بڕیارەكانی لە دژی هەرێمی كوردستان بەردەوام بێت نەگەڕێتەوە بەغدا.
رێناس جانۆ، گوتەبێژی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق لە میانەی كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانیدا رایگەیاند، تاوەكو بەغدا لەسەر هەڵوێستەكانی خۆی بەرامبەر هەرێمی كوردستان بەردەوام بێت فراكسیۆنەكەیان بەشداری كۆبوونەوەكانی پەرلەمانی عێراق ناكات.
جانۆ، داوای لە حكوومەتی عێراق كرد پێداچوونەوە بە سیاسەتەكانی خۆی لەبەرامبەر هەرێمی كوردستان بكات.
راشیگەیاند، ئەوان پێشتر، بە هۆی دەركردنی بڕیاری لادانی نەجمەدین كەریم لە پۆستی پارێزگاری كەركووك و هەڵوێستەكانی پەرلەمانی عێراق لە دژی ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان، بایكۆتی پەرلەمانییان كردووە.
دووپاتیشی كردەوە، لە ئێستادا فراكسیۆنەكەیان ناگەڕێتەوە بەغدا.