عەبادی: كۆنفیدراڵی پێویستی بە هەمواركردنەوەی دەستوورە

 

سەرۆكوەزیرانی عێراق دەڵێت، پەیوەندییەكانمان لەگەڵ هەرێمی كوردستان ناپچڕێنین و بە مەرج دەست بە گفتوگۆ دەكەینەوە. دەشڵێت كۆنفیدراڵی پێویستی بە هەمواركردنەوەی دەستوورە.

حەیدەر عەبادی، سەرۆكوەزیرانی عێراق لە كۆنگرەی رۆژنامەڤانی هەفتانەیدا جەختی لەسەر نەپچڕاندنی پەیوەندییەكان لەگەڵ هەرێمی كوردستان كردەوە و راشیگەیاند: “هەر گفتوگۆیەك لەگەڵ هەرێمی كوردستان پێویستە لەسەر سێ بنەما بێت، یەكێتی عێراق، دەستوور و رەتكردنەوەی گشتپرسی”.

لەبارەی كۆنفیدراڵی، عەبادی گوتی “جێبەجێكردنی سیستەمی كۆنفیدراڵی پێویستی بە هەمواركردنەوەی دەستوورە”.

لەبارەی ناوچە ناكۆكی لەسەرەكان، سەرۆكوەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەكرد، ئیدارەی ئەمنی ناوچە ناكۆكی لەسەرەكان لە دەسەڵاتی حكومەتی ئیتیحادییە و هاوكات داواشی لە هێزەكانی پێشمەرگە كرد، كە رووبەڕووی هێزەكانی ئیتیحادی نەبنەوە لە ناوچە كێشە لەسەرەكاندا.

هەروەها عەبادی دەڵێت سەرجەم سەركردەكانی جیهان پشتیوانی لە عێراق دەكەن لە رێوشوێنەكانی سەپاندنی دەسەڵاتی ئیتیحادی و دەشڵێت “نەوتی عێراق موڵكی هەموو عێراقییەكانە”.

سەبارەت بە كۆمپانیانی مۆبایل ، سەرۆكوەزیرانی عێراق گوتی: “كۆمپانیاكانی مۆبایل لەژێر دەسەڵاتی ئیتیحادین و گوێڕایەڵن”.

لەبارەی سەردانەكەی بۆ فەرەنسا ئاماژەی بەوەكرد، كە فەرەنسا جەختی لە گرنگی یەكێتی و سەرەوەری عێراق كردەوە.

سەرۆكوەزیرانی عێراق بە ئاماژەدان بەوەی ئەمساڵ ساڵی كۆتایی داعشە لە عێراق گوتی: “لە هەموو شوێنك ترس كەوتووەتە نێو دڵی داعش ، هێزەكانمان هەندێك ناوچەیان ئازادكردووە، كە لەسەردەمی رژێمی پێشووەوە هیچ هێزێكی سەربازی پێی نەگەیشتووە”.

Back to top button