پەیوەندی رووسیا و توركیا تێك دەچێتەوە

 

لێدوانێكی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا، بووەتە هۆی تووڕەبوونی رووسیا و لە بەرامبەریشدا ورچی سپی وەڵامی لێدوانەكەی دەداتەوە.

ئەردۆغان لە سەردانێكیدا بۆ وڵاتی ئۆكرانیا و لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لەگەڵ هاوتا ئۆكرانییەكەی، پیترۆ بۆرۆشینكۆی، رایگەیاند، توركیا پاڵپشتی سەروەری ئۆكرانیا و یەكپارچەیی خاكی ئەو وڵاتە دەكات و دان بە هەرێمی كریمیاشدا نانێت وەك هەرێمێكی سەر بە رووسیا.

لە بەرامبەر ئەو لێدوانەدا، ئەلێكسی پوشكۆڤ، ئەندامی ئەنجوومەنی یەكێتی رووسیا، لە توویتەرەكەی خۆیەوە رایگەیاند، ئەردۆغان وەك هەرێمێكی سەر بە رووسیا دان بە كریمیا بنێت یان نا، هیچ لە بابەتەكە ناگۆڕیت و خۆشی ئەوە باش دەزانێت، ئەوەی ئەردۆغانیش دەیكات، تەنها بۆ رازیكردنی بۆرۆشینكۆیە نەك زیاتر.

هێندە لە مێژ نییە نێوانی توركیا و رووسیا ئاسایی بووەتەوە، دوای ئەوەی بەهۆی خستنە خوارەوەی فڕۆكەیەكی جەنگی رووسی لەلایەن فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا، نێوانی مۆسكۆ و ئەنقەرە، گرژی تێكەوت و كار گەیشتە ئەو رادەیەی سزای ئابووریش بەسەر یەكدا بسەپێنن، دواتر ئەردۆغان، وەكو سەرۆكی توركیا بە نامەیەك، داوای لێبوردنی لە پوتین كرد و بۆ هەمان مەبەستیش سەردانی رووسیای كرد.

Back to top button