رۆژنامەیەكی ئیسرائیلی: سوپای عێراق و داعش بۆ چۆڵكردنی حەویجە رێككەوتنیان هەبووە
دوای ئەوەی هەفتەی رابردوو حەیدەر عەبادی لە وڵاتی فەرەنسا وەك مژدەیەك بۆ خەلكی عێراق رایگەیاند كە حەویجە كۆنتڕۆلكراوەیەوە, لە بەرامبەردا ماڵپەڕێكی ئیسرائیلی رایگەیاند كە كۆنتڕۆلكردنەوەی حەویجە بە رێككەوتنێكی پێش وەختەی سوپای عێراق و داعش بووە.
وێبسایتی “دیبكا”ی ئیسرائیلی، بڵاویكردووەتەوە، رێككەوتنێكی نهێنی لە نێوان سوپای عێراق و چەكدارانی داعش هەبووە، بۆ ئەوەی چەكدارانی رێكخراوەكە لە قەزای حەویجە، بەبێ هیچ شەڕێك پاشەكشە بكەن.
وێبسایتی دیبكای ئیسرائیلی ئاماژەی بەوەشكردووە، لەلایەن سوپای عێراقەوە هێچ هێرشێك بۆ سەر قەزای حەویجە ئەنجام نەدراوە.
بە گوێرەی ئەو سەرچاوەیەی وێبسایتە ئیسرائیلییەكە پشتی پێ بەستووە، ئاشكرای كردووە، پێشتر بەرپرسانی سوپای عێراق، لەگەڵ رێگەی سەرۆك هۆزەكانی ناوچەكەوە، لەگەڵ بەرپرسە سەربازییەكانی داعش رێككەوتوون، بۆ ئەوەی بەبێ هیچ شەڕ و رووبەڕووبوونەوەیەك رێگەی دەرباز بوونییان بۆ بكەنەوە.
وێبسایتەكە ئاماژەی بەوەشكردووە، سوپای عێراق، ئەو رێڕەوەی ئارامەی بۆ چەكداران و ماڵ و منداڵەكانییان كردووەتەوە بۆ ئەوەی قەزاكەی جێبهێڵن، بەڵام وێبسایتە هیچ ئاماژەیەكی بەو شوێنە نەكردووە كە چەكدارانی داعش روویان تێكردووە.
لای خۆیەوە عەمید یەحیا رەسووڵ رایدەگەیەنێت، یەكە سەربازییەكانی سوپا شەڕێكی سەختیان كردووە و هێرشیان كردووەتە سەر چەكدارانی داعش و بە سەدان چەكداری رێكخراوەكەیان كوشتووە، لەگەڵ ئەوەشدا بوونی هەر رێككەوتنێكی لەو جۆرە، رەتدەكاتەوە.
رێككەوتن لەگەڵ چەكدارانی داعش نامۆ نییە و پێشتریش هەریەك لە حزبوڵڵای لوبنان و رژێمی سووریا، لەگەڵ چەكدارانی رێككەوتن بۆ ئەوەی زیاتر لە 700 چەكدار، بە ئاگاداری دیمەشق، لە ناوچەی عرسالی سنووری نێوان سووریا و لوبنان بگوازنەوە ناوچەی ئەلبوكەمالی پارێزگای دێرەزووری سووریا، كە هاوسنوورە لەگەڵ عێراق.