ناوی سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان – عێراق گۆڕدرا
کۆبوونەوەی سەرکردایەتیی سیاسی کوردستان – عێراق کۆتاییهات و ناوەکەشی بۆ “ئەنجوومەنی باڵای پارتە سیاسییەکانی کوردستان” گۆڕدرا.
ئەمڕۆ ئێوارە بەسەرپەرشتی مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، کۆبوونەوەی سەرکردایەتی سیاسیی کوردستان – عێراق ئەنجامدرا، لە کۆبونەوەکە ناوی سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان – عێراق گۆڕدرا بۆ ئەنجوومەنی باڵای پارتە سیاسییەکانی کوردستان.
لە کۆبوونەوەکە بڕیاردرا رۆژی شەممە 14-10-2017، پەرلەمانی کوردستان کۆببێتەوە بۆ تاوتوێکردنی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی کوردستان.
دەقی راگەیێندراوەکە
ڕاگەیێندراوێك لە ئەنجوومەنی باڵای سیاسیی كوردستان
ڕۆژی چوارشەممە 11ـی 10ـی 2017 لە سەلاحەدین بە سەرپەرشتیی بەڕێز مەسعود بارزانی ئەنجوومەنی باڵای سیاسیی كوردستان كۆبۆوە.
لە سەرەتای كۆبوونەوەكەدا ئامادەبووان بۆ ڕێزگرتن لە گیانی سەرۆك مام جەلال و گیانی شەهیدانی ڕێگەی ئازادی خولەكێك وەستان و لەسەر ئەوەیش هاوڕا بوون كە باشترین وەفا بۆ ڕۆحی سەرۆك مام جەلال و سەرجەم شەهیدانی كوردستان یەكڕیزی و برایەتی و یەكهەڵوێستیی هێزە سیاسییەكانی كوردستانە.
پاشان ئامادەبووانی كۆبوونەوەكە دوایین گۆڕانكارییە سیاسی و كاردانەوە نێودەوڵەتی و هەرێمایەتی و عێراقییەكانیان لەبەرانبەر ڕیفراندۆم تاوتوێ كرد و بەو ئەنجامانەی خوارەوە گەییشتن:
یەكەم: كۆبوونەوەكە، پابەندی ئیرادەی گەلی كوردستانە كە لەڕێگەی بەشداربوون و دەنگدان لە ڕیفراندۆمی 25ـی ئەیلوولی 2017 بە ئازادانە دەریبڕیوە. هەروەها جێبەجێكردنی ئەنجامەكانی ڕیفراندۆم لەڕووی زەمەنییەوە بەندە بە دیالۆگێكی بنیاتنەر و لێپرسراوانە. بۆیە كۆبوونەوە، ئامادەیی دەربڕی بۆ دەستپێكردنی دیالۆگێكی كراوە لەگەڵ بەغدا بە بێ پێشمەرج و بە بێ سزادان و ئابڵۆقە و، هەروەها ڕەخساندنی كاتی پێویست بۆ سەرخستنی.
دووەم: سەپاندنی سزا بەسەر گەلی كوردستان نایاسایی و نابەرپرسیارانەیە و گرژتركردنی بارودۆخی سیاسی خزمەتی بەرژەوەندیی هیچ لایەك ناكات.
سێیەم: كۆبوونەوەكە بە ڕای گشتیی جیهانی و هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتی ڕادەگەیێنێت كە گەلی كوردستان ڕووبەڕووی ئابڵۆقە و سزادانی بە كۆمەڵ و هەڕەشەی بەكارهێنانی هێز كراوەتەوە و ئەوە بارودۆخی مرۆیی و ژیانی خەڵك و ئاوارەكان لە عێراق و كوردستان دەباتە قۆناغێكی مەترسیدار و داوا دەكات سنوورێك بۆ ئەم هەڕەشە و ئابڵۆقە و سزادانی بەكۆمەڵە دابندرێت.
چوراەم: ئامادەبووانی كۆبوونەوەكە بڕیاریان دا كۆبوونەوەی حزب و لایەنە سیاسییەكان لەژێر ناوی ئەنجوومەنی باڵای سیاسیی كوردستان بەردەوام بێت.
ئەنجوومەنی باڵای سیاسیی كوردستان
11ـی 10ـی 2017