كێشەی پەكەكە لەباكور سەری هەڵداوە هەر لەوێش چارەسەر دەبێت
رێكان سەباح
پەكەكە كاتێك دوو پۆلیسی كوشت لەتوركیا تەواوی دەسكەوتەكانی كوردی لە رۆژئاوای كوردستان و باكوری كوردستان، خستە قومارێكی چاوەروانكراوی دۆراودا. تاوەكو ئێستاش سەركردایەتی ئێستای پەكەكە لەوە تێنەگەیشتووە كێشەكانی ئێستای باكوری كوردستان و رۆژئاوای كوردستان چۆن و لەكوێ سەرچاوەی گرتووە. پەكەكە جگە لە هێزێكی دابڕاو و گوشەگیر لەهاوكێشەی ئێستای ناوچەكە، هیچ دیدگایەكی رۆشنی نیە. كێشەی پەكەكە لە رۆژئاوای كوردستان چارەسەر نابێت، چونكە كێشەی پەكەكە لە باكوری كوردستان و توركیا سەری هەڵداوە، هەر دەبێت لەوێش چارەسەر ببێت. بەڵام ئایا بواری چارەسەر لەگەڵ پەكەكە ماوە؟ تا ئەو چركە ساتە بواری چارەسەری و گەڕاندنەوەی پرۆسەی ئاشتی لەتوركیا لەگەڵ پەكەكە زۆر زەحمەتە، چونكە هەم پێگە و جەماوەری كورد لە توركیا لە پەكەكە تاسەر ئیسقان توڕەیە، هەم پەكەكەش ئەو هێزە جەوماوەریە نەماوە كە جارێكی تر ببێتە گوشار لەسەر توركیا. كەوایە دەبێت پەكەكە بگەرێتەوە بۆ هەڵەكانی ناوەخۆی و چارەسەری مانەوەی ئەو كێشانە بكات. ئەوەش تەنها لە گۆڕینی سەركردایەتی ئێستای پەكەكە دێتە دی، ئەگەر پەكەكە زوو نەچێتە كۆنگرە و كۆتای بەچەك نەهێنێت لەباكوری كوردستان و لە رۆژئاوای كوردستانیش رێگا بە خاوهن ماڵەكانی خۆی نەدات بگەرێنەوە ناو رۆژئاوایی كوردستان، وەك ئەنەكەسێ و پەدەكەسێ و پێشمەرگەی رۆژئاوا، ئەوەی دۆخێك چاوەرێی پەكەكە دەكات، زۆر زەحمەتە بەئاسانی لێی دەرچێت. تەواوی دەستكەوتی ئەو دوو بەشەی كوردستانیش لەگەڵ خۆی وێران دەكات، كە بەشێكی وێران بووە.