بارزانی لهگهڵ باڵیۆزی وڵاتی سودان كۆبۆوه
لە دیداریدا لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان، باڵیۆزی سودان لە عێراق سوپاسگوزاریی خۆی و وڵاتەکەی بە سەرۆک بارزانی و گەل و حکوومەتی هەرێمی کوردستان گەیاند و ڕایگەیاند، کە تێگەیشتنی بۆ دۆخی ئێستا هەیە و ڕاستییەکانیش دەگەیەنێتە سەرووی خۆی لە وڵاتەکەی.
ئەمڕۆ پێنجشەممە ١٢ـی١٠ـی٢٠١٧، لە سەلاحەددین، مەسعوود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە یاسین عەوەز ئیسماعیل باڵیۆزی وڵاتی سودان له عێراق کرد و لە دیدارێكدا، باڵیۆزی سودان سڵاو و ڕێزی سەرۆک و گەلی سودانی بە سەرۆک بارزانی گەیاند و ڕایگەیاند، کە ئەرکەکەی وەک کۆنسووڵی گشتیی سودان لە هەولێر کۆتایی هاتووە و ئێستا وەک باڵیۆزی وڵاتەکەی لە عێراق دەستبەکار بووە، بەمزووانەش کۆنسووڵی نوێی سودان لە هەولێر لەلایەن وڵاتەکەیەوە دەستنیشان دەکرێت.
باڵیۆزی سودان سوپاسگوزاریی خۆی و وڵاتەکەی پێشکەش بە سەرۆک بارزانی و گەل و حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرد و ڕایگەیاند، کە تێگەیشتنی بۆ دۆخی ئێستا هەیە و ڕاستییەکانیش دەگەیەنێتە سەرووی خۆی لە وڵاتەکەی.
لە بەرانبەردا سەرۆک بارزانی وێڕای بەخێرهێنانیان، هیوای سەرکەوتنی بۆ یاسین عەوەز خواست لە ئەرکی نوێیدا و، خۆشحاڵی خۆی بۆ بەرەوپێشچوونی ئاستی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا پێشان دا و، ئەزموونی سودانی بۆ چارەکردنی کێشە ناوخۆییەکانی وڵات بەرز نرخاند.
هەر لەم دیدارەدا لەبارەی بارودۆخی سیاسی و ئەمنیی کوردستان و عێراق و ناوچەكە و دواپەرەسەندنە سیاسییەكان، گفتوگۆ کرا.