موقتەدا سەدر بەخەونیش نابێت مالیكی بگەڕێتەوە دەسەڵات
لەگەڵ ئەوەی پەیوەندی نێوان هێزە شیعیەكانی عێراق تا دێت گرژی زیاتر تێدەكەوێت بە تایبەت لە نێوان هەردوو رەوتی سەدریەكان و دەولەتی یاسا، لە وەڵامی پرسیاری یەكێك لە شوێنكەوتووەكانیدا دەربارەی قۆناغی دوای داعش، هێرش دەكاتە سەر (مالیكی) و، ڕای دەگەیەنێت، نابێت جارێكی تر “گەندەڵكار و تائیفییەكان” بگەڕێنەوە سەر دەسەڵات بە خەونیش .
یەكێك لە شوێنكەوتووانی ڕەوتی سەدر بە ناوی (هاشم ئەحمەد) نامەیەك ئاراستەی موقتەدا سەدر دەكات و لێی دەپرسێت: “لەگەڵ نزیكبوونەوە لە قۆناغی كۆتایی داعش، دۆخی عێراق چۆن دەبینن و ئەو دەستكەوتانە چین كە دەبێت بیانپارێزین”.
لە وەڵامدا، ڕێبەری ڕەوتی سەدر، كە ماوەی زیاتر لە دوو ساڵە سەرپەرشتی خۆپیشاندانەكانی عێراق دەكات و یەكێكیشە لەسەركردە شیعەكانی نەیاری مالیكی، دەڵێت: “یەكڕیزی لەم ماوەیەدا گرنگە، هەروەها نابێت گەندەڵكار و تائیفییەكان بگەڕێنەوە بۆ سەر دەسەڵات_وەك ئاماژەیەك بۆ نووری مالیكی، كە دوو كابینەی لەسەریەك، سەرۆكی حكوومەت بوو-“.
لە ساڵی 2006 تا 2014 لە دوو ویلایەتی لەسەریەك، نووری مالیكی، سەرۆكی ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا، سەرۆكی حكوومەتی عێراق بوو، كە ئەو دوو كابینەیە، جگە لەوەی بەگەندەڵی تۆمەتبار دەكرێت، هاوكات سەرۆكی حكوومەت بەوە تۆمەتبار كرا، كە هۆكاری سەرەكی كەوتنی مووسڵ وهاتنی داعش بوو بۆ عێراق.