وەزارەتی پێشمەرگە ئەمریكا لە پلانی حەشدی شەعبی ئاگادار دەكاتەوە
دوای ئەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان شەوی رابردوو پڵانێكی حەشدی شەعبی بە سەرپەرشتی قاسم سلێمانی لە باشوری كەركووك ئاشكرا كرد, هێزەكانی پێشمەرگە كەوتنە حالەتی ئامادەباشی, بۆ ئەم مەبەستەش وەزارەتی پێشمەرگە داوا لە ئەمریكا دەكات رێگە لە هەر پێشهاتێكی نەخوازراوی نێوان پێشمەرگە و هێزەكانی عێراق بگرێت
وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی كوردستان لە راگەیێندراوێكدا بڵاویكردەوە، سەربەست لەزگین، بریكاری وەزارەتی پێشمەرگە و كین كرووز، كۆنسوڵی ئەمریكا لە هەرێمی كوردستان لەبارەی هێڵەكانی تەماسی نێوان هێزی پێشمەرگە و هێزەكانی عێراق و هەماهەنگی نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای ئەمریكا كۆبوونەتەوە.
بەپێی راگەیێندراوەكە، بریكاری وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاندووە، هێزەكانی عێراق لە نزیك سەنگەرەكانی پێشمەرگە لە شنگال، باكووری موسڵ و باشووری كەركووك دەستیان بە جموجۆڵی سەربازیی كردووە و نیازپاكییەك لەو جموجۆڵانە نابینن.
هەروەها داوای لە كۆنسوڵی ئەمریكاش كرد، رێگە لە هەر پێشهاتێكی نەخوازراو بگرن، كە ببێتە هۆكاری تێكچوونی رەوشەكە. لەبەرامبەریشدا، كۆنسوڵی ئەمریكا گوتی، لەنزیكەوە ئاگاداری رەوشەكەن و داواشیكرد، هەمووان دانبەخۆیاندا بگرن و رێگەنەدەن رووداوی نەخوازراو رووبدات