دوای ئەمەریكا, ئیسرائیلیش بڕیاریدا لە یونیسكۆ بكشێتەوە
دوای ئەوەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا بڕیاریدا لە ئەندامێتی رێكخراوی یونیسكۆی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان بكشێتەوە، ئیسرائیلیش رایگەیاند، شانبەشانی ئەمەریكا لەو رێكخراوە دێتە دەرەوە.
بنیامین نەتەنیاهو، سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، وەزیری دەرەوەی وڵاتەكەی راسپاردووە، بۆ ئەوەی كار لەسەر هاتنە دەرەوەی ئیسرائیل لە رێكخراوی یونیسكۆ بكات.
وەك لە راگەیەندراوەكانی هەر یەك لە ئەمەریكا و ئیسرائیل ئاماژەی بۆ كراوە، هۆكاری هاتنە دەرەوەیان لە رێكخراوەكە، ئاراستەی كارەكانی یونیسكۆیە كە بەرەو دژایەتیكردنی ئیسرائیل دەچێت.
دوای ئەوەی ئەمەریكا رایگەیاند لە رێكخراوەكە دەكشێتەوە، یونیسكۆ رایگەیاند، لە هەنگاوەكەی ئەمەریكا نیگەرانن و لە ئاكامیشدا زیان بە نەتەوە یەكگرتووەكان و فرەیی رێكخراوەكە دەگات.
رێكخراوی یونیسكۆ، سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكانە، لە ساڵی 1945 دامەزراوە و گرنگی بە بوارەكانی پەروەردە، زانست و كولتوور دەدات لە سەرتاسەری جیهان.