تەنها لە شەڕی حەویجە پێشمەرگە هەزار چەكداری داعشی دەستگیركردووە

لەدوای دەسپێكردنی ئۆپەراسیۆنی حەویجەوە پێشمەرگە هەزار چەكداری داعشی دەستگیركردوون، چەكدارەكان وەك مەزڵووم و قوربانی شەڕ خۆیان لە پەنای ژن و منداڵی ئاوارەدا پەنا داوە.

مانگێك لەمەوبەر دژی پێشمەرگە شەڕی دەكرد، كاتێك دڵنیابووەتەوە خۆری خەلافەتەكەیان ئاوا دەبێت خۆی رادەستكردوە، لێكۆڵینەوەكان لەگەڵی دەریان خستووە چەكدارانی داعش بەتەواوەتی پەرتەوازە بوونە و بەدوای شوێن و حەشارگەی نوێدا دەگەڕێن.

چەكدارێكی داعش دەڵێت، سەركرده گەورەكان نەخشەی شەڕەكانیان دادەڕشت، ئێمە تەنیا شەڕكەربووین، لە راستیا داعش كۆتایی هاتووە ئێستا ئەوەی ماوە نزیكەی دوو سەد چەكادرێك دەبن ئەویش پەرت و بڵاوبوونەتەوە بە چیا و دەشتەكان، ئێمە ناچاربووین خۆمان رادەستی پێشمەرگە بكەین، چونكە دڵنیان گەر بكەوینە دەستی حەشد سەرمان دەبڕێ.

شەڕی حەویجە چەكدارانی داعشی ناچار بە هەڵاتن كرد، پێشمەرگە زیاتر لە هەزار چەكداری لەماوەی كەمتر لە 15رۆژدا دەستگیركردوە، كە زۆربەیان خۆیان خزاندبووە نێو ئاوارەكان.

محەممەد مەلا جیهاد، فەرماندەی فەوجی چواری كەركووك دەڵێت “بە سەتان داعش هاتوونە و خۆینان رادەستی هێزی پێشمەرگە كردووە بە هەزاران خێزانیش بە هەمان شێوە، ئێمە لە سەنگەرەكاند لە ئامادەباشی تەواوداین بۆ هەر ئەگەرێك منەتمان بەكەس نییە، داعش لەم سنوورە كۆتاییان هاتوەو توانای شەڕكردنیان نەماوە”.

ئەمساڵ لە هەرێمی كوردستان 600 چەكداری داعش سزای لە سێدارەدان و حوكمی هەتا هەتایی دراون، 400 كەیسی دیكەش لەدادگان، بەهۆی بەسەرچوونی یاسای سزادانی هەرێمی كوردستان دادگاكان بە پشتبستن بە یاسای چواری تیرۆری عێراق مامەڵە لەگەڵ چەكدارانی داعش دەكەن.

سی هەزار خێزانی حەویجە و دەوروبەری لە حەوت كەمپی كەركووكن، ئۆپەراسیۆنی حەویجە زیاتر لە حەوت هەزار كەسی دیكەی ئەو ناوچانەی ئاوارەی ئەم شارەكرد.

Back to top button