مه‌سرور بارزانی هۆكاری گه‌مارۆ و شه‌ڕ فرۆشتنی به‌غدا ئاشكرا ده‌كات

راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان مه‌سرور بارزانی له‌دیمانه‌یه‌كدا له‌ به‌رنامه‌ی (Hard Talk)ی كه‌ناڵی (BBC)ی به‌ریتانی، ڕه‌خنه‌ له‌ هه‌ڵوێستی ئه‌مریكا و كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی دژ به‌ ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان ده‌گرێت و ده‌ڵێت ئه‌م دژوه‌ستانه‌وه‌ جوورئه‌تی به‌ به‌غدا به‌خشی ئابڵۆقه‌ بخاته‌ سه‌ر كوردستان، هه‌روه‌ها ده‌شلێـ” ئێمه‌ چاوه‌ڕێمان ده‌كرد كه‌ ئه‌وان لانی كه‌م پشتگیری گفتوگۆیه‌كی ئاشتیانه‌ی نێوان ئێمه‌ و به‌غدایان پێش ریفراندۆم و پاشی ریفراندۆم بكردبا. ئه‌وه‌ حكومه‌تی عێراق و سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق بوو پێشی ریفراندۆم گوتی ئه‌وان نه‌ له‌ ئێستادا و نه‌ له‌ ئاینده‌ش ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان قبووڵ ناكه‌ن. هه‌ر ئه‌مه‌ وایكرد هیچ بژارێكی دیكه‌مان نه‌بێت جگه‌ له‌وه‌ی بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ ڕای خه‌ڵك و بزانین ئه‌وان چییان ده‌وێت”.

هه‌روه‌ها مه‌سرور بارزانی راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی كوردستان ده‌شلێـ”ئێمه‌ هه‌روه‌ها نائومید بووین له‌ هه‌ڵوێستی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی و ئه‌مریكاش “له‌ به‌رامبه‌ر ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان”. ئه‌وه‌ی ئێمه‌ چاوه‌ڕێمان نه‌ده‌كرد وه‌ستانه‌وه‌ دژ به‌ ریفراندۆم بوو. ئه‌م لایه‌نانه‌ ئه‌گه‌ریش پشتگیری ریفراندۆمییان نه‌ده‌كرد ده‌یانتوانی بێ لایه‌ن بوونایه‌ و لانی كه‌م هانی به‌غدا و هه‌ولێریان بدابا دانیشتن ئه‌نجام بده‌ن و به‌ ڕێگه‌یه‌كی ئاشتیانه‌ كێشه‌كانیان چاره‌سه‌ر بكردبا.”

سه‌باره‌ت به‌ هه‌ڵوێستی تووندی حكومه‌تی ناوه‌ندی عێراقی، ڕاوێژكاری ئه‌نجومه‌نی ئاسایش گوتی: “ئه‌م دژوه‌ستانه‌وه‌ جوورئه‌تی به‌ به‌غدا دا ئه‌مجۆره‌ هه‌ڵوێستانه‌ی هه‌بێت و ته‌نانه‌ت داوا له‌ وڵاتانی دراوسێش بكات ئابڵۆقه‌ بخه‌نه‌ سه‌ر كوردستان و خه‌ڵكی كوردستان سزای به‌ كۆمه‌ڵ بده‌ن، گوتیشی: “هەرێمی کوردستان هیچ نیازێکی دوژمنکارانەی بەرامبەر بە دراوسێکان نییە و خواستی سەربەخۆیی خواستێکی لە مێژینە و ڕەوای گەلی کوردە و بڕیاری رێفراندۆمیش بڕیاری هەموو هاووڵاتیانی کوردستان بووە”.

راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان، ئامادەیی هەرێمی کوردستانیشی بۆ گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا دەربڕی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و لەمبارەیەوە گوتی: ” لە پێناو چارەسەریی کێشەکان، پێشتر و دوای ریفراندۆمیش داوای گفتوگۆمان کردووە لەگەڵ بەغدا”.

Back to top button