شێخ جه‌عفه‌ر پاشه‌كشه‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌ تاكتیكی سه‌ربازی بووه‌

فه‌رمانده‌ی هێزی 70ی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان له‌باره‌ی پاشه‌كشه‌ی پێشمه‌رگه‌ له‌ كه‌ركووك ده‌لێـ” هۆكاری كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانیان له‌ چه‌ند ناوچه‌یه‌كی ده‌وروبه‌ری كه‌ركووك بۆ جێبه‌جێكردنی پلانێكی سه‌ربازیی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌،

له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانی شێخ جه‌عفه‌ر شێخ مسته‌فا  فه‌رمانده‌ی هێزه‌كانی سه‌ر به‌ یه‌كه‌ی 70ی پێشمه‌رگه‌ ڕایگه‌یاند، شه‌وی ڕابردوو حه‌شدی شه‌عبی و پۆلیسی فیدراڵی عێراق به‌ هێزێكی زۆره‌وه‌ هاتوونه‌ته‌ ناوچه‌كانی به‌شیر و تازه‌ له‌ ده‌وروبه‌ری كه‌ركووك و به‌ نامه‌یه‌ك داوایان له‌ وه‌ستا ڕه‌سول فه‌رمانده‌ی میحوه‌ری چواری كه‌ركووك كردووه‌ كه‌ ده‌بێت له‌ماوه‌ی دوو كاتژمێردا ڕێگه‌یان بۆ بكرێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بچنه‌ ناو كه‌ركووك به‌ڵام پلانه‌كه‌یان سه‌ری نه‌گرتووه‌، ڕوونیشیكرده‌وه‌ كه‌ هۆكاری كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ له‌ چه‌ند ناوچه‌یه‌كی سه‌ر به‌ دووزخورماتوو و مه‌كته‌ب خالید ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و شوێنانه‌ گونجاو نه‌بوونه‌ بۆ شه‌ڕ و ڕووبه‌ڕوونه‌وه‌ بۆیه‌ به‌ پلانێكی سه‌ربازی چه‌ند سه‌نگه‌رێكیان چۆڵ كردووه‌ و چه‌ند هێزێكیان كشاندووه‌ته‌وه‌ و ئێستا هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ به‌سه‌ر ناوچه‌كه‌دا زاڵن.

شایانی باسه‌ شه‌وی رابردوو به‌ درێژایی 15 تا 18 كیلۆمه‌تر و قوڵایی 4 كیلۆمه‌تر هێزێكی سه‌ر به‌ یه‌كه‌كانی 70ی پێشمه‌رگه‌ له‌ دووزخورماتوو و مه‌كته‌ب خالید سه‌نگه‌ره‌كانی پێشمه‌رگه‌یان چۆڵكرد و دواتر هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی شوێنیان گرتنه‌وه”.

 

Back to top button