خامەنەیی بۆ عەبادی پالپشت و هاوكارتانین دژ بە كوردستان
دەستپێكی هەڕەشەكانی حەشدی لە هەرێمی كوردستان دوای گەیشتنی نامەیەكی خامەنەیی بووە بۆ حەیدەر عەبادی كە لە رێگای قاسم سولەیمانیەوە گەیشتووە, لە نامەكەدا ئاماژە بە هەموو هاوكاریەكی ئێران دراوە بۆ ئەوەی هێڕش بكاتە سەر كوردستان.
رۆژنامەی (الاخبار)ی لوبنانی نزیك لە حیزبوڵڵای لوبنانی بڵاویدەكاتەوە، كە قاسم سولەیمانی لە بەغدایە و نامەیەكی خامنەیی هێناوە بۆ عەبادی تێیدایە پشتیوانی تەواوی خۆی بۆ عەبادی دەربڕیوە بۆ هێرشكردنە سەر كوردستان و دەستگرتن بەسەر بیرە نەوتەكانی كەركووكدا و دامەزراوەكانی پارێزگای كەركووك .
بەپێی ئەو رۆژنامە نزیكەی حیزبوڵڵا ، نامەكەی خامنەیی پشتگیری تەواو تێدایە بۆ هەنگاوەكانی بەغدا دژی پێداگرییەكانی كوردستان . هەروەها سولەیمانی داوایكردووە بەغدا بە لێزانانییەوە قەیرانەكەی لەگەڵ كوردستان بەڕێوەببات .
ئەو نامەیە كە بە “نامەی گەرم” لەلایەن ئەو سەرچاوە شیعییەوە ناودەبرێت ، تێیدا ئامادەیی تەواوی كۆماری ئیسلامی تێدا نیشاندراوە بۆ حەیدەر عەبادی بۆ پشتیوانیكردنی لەدژی كوردستان ، لەوانەش دابینكردنی پشتگیری سیاسی، بەهاوئاهەنگی لەگەڵ توركیا، بۆ هەر هەنگاوێك كە حكومەتی عێراق دەیگرێتەبەر بۆ بەرەنگاربوونەوەی پێداگیری كوردستان لەسەر داخوازییەكانیان .
بەر لە دوو رۆژ ، زاڵمای خەلیلزاد ، باڵیۆزی پێشووتری ئەمریكا لە عێراق بڵاویكردەوە كە سەردار سولەیمانی لە دەوروبەری كەركووك هانی سوپا و حەشدی شەعبی عێراقی دەدات بۆ هێرشكردنە سەر كوردستان .
هەروەها بەپێی زانیارییەكان ، ئەوە چەند رۆژێكە حەیدەر عەبادی بە هاوئاهەنگی لەگەڵ سەردار سولەیمانی هەنگاو لە بەرامبەر كوردستان دەهاوێژێت، بۆ ئەو مەبەستە پەیوەندی لەگەڵ سەرۆككۆماری عێراقیش هەیە . پێشتریش فوئاد مەعسووم ، سەرۆككۆماری عێراق لە هەڤپەیڤینێكدا لەگەڵ رۆژنامەی (عوكاز)ی سعودی رایگەیاندبوو كە سەردار سولەیمانی پلەی راوێژكاری هەیە لە وەزارەتی بەرگری عێراق و بەوشێوەیە یارمەتی عێراق دەدات لەشەڕی داعشدا .
ئەمڕۆ فوئاد مەعسووم بە هێنانی شەش داواكاری عەبادی و حەشدی شەعبی گەیشتە سلێمانی و لەگەڵ سەركردایەتی یەكێتی كۆبووەوە ، بەپێی ئەو داواكارییانە دەبێ كاروباری سەربازیی و ئیداری و كێڵگە نەوتییەكان بدرێنەوە دەست بەغدا و ، پارێزگاری ئێستای كەركووك لابدرێت .