ترامپ هیلالی شیعی ئێران لە رۆژهەڵاتی ناویندا سڕ دەکات..پەیامێکی روون بۆ حەشدی شەعبی

تەنیا کوردی

وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا دوای تەوابوونی گوتارەکەی سەرۆکی ئەمەریکا (دۆناڵد ترامپ) کە دوای لەو وەزارەتە کرد سزای نوێ بەسەر سوپای پاسداران بسەپێنێت، یەکڕاست سوپای پاسدارانی خستە لیستی تیرۆرەوە.
سەرۆکی ئەمەریکا (دۆناڵد ترامپ) دوای نزیکەی ٩ ساڵ لە بێدەنگی ئەمەریکا بەرانبەر بە ئێران، ستراتیژیەتێکی نوێی بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئێران راگەیاند.
ستراتیژیەتێک کە لە روانگەی سەرۆکی ئەمەریکا، کۆماری ئیسلامی ئێران سەرچاوەی یارمەتیدانی تیرۆرە لە جیهاندا وەک گوتی، “ئێران یارمەتی پێشکەیش بە قاعیدە و گروپە تیرۆریستییەکانی دیکە دەکات و هانی عێراق دەدات بۆ شەڕی تائیفی و یارمەتی مانەوەی (بەشار ئەسەد) دەدات لە سووریا دا.”
ئەوەی پێوەستە بە عێراق مەبەستیی سەرۆکی ئەمەریکا روونە کە ئێران لە رێگەی حەشدی شەعبییەوە شەڕی تائیفی لەنێو عێراقدا بەرپاکردووە، لە ئێستایشەوە ئەمەریکا بەگوێرەی ئەو ستراتیژیەتە دەستی کراوە دەبێ لە مامەڵەکردن بەرانبەر بە حەشدی شەعبی لە چوارچیوەی سوپای پاسداراندا.
(ترامپ) جەنگێکی راستەقینەی لە دژی ئێراندا بەرپاکرد بە ستراتیژیەتێک کە رێککەوتننامەی ئەتۆمی ئێران هەمواربکرێتەوە و بە روونی پەیامی دا کە نابێ ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، یەکڕاست ناوی سوپای پاسدارانی هێنا و وەزارەتی خەزێنەی وڵاتەکەی راسپارد تا سزای نوێیان بەسەردا بسەپێنێ، بە کەمتر لە سەعاتیک وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا سزاکەی دیاری کرد و پاسدارانی خستە لیستی تیرۆروە.
بەگوێرەی ئەو سزایە ئیدی سوپای پاسداران ناتوانن جوڵە لە رۆژهەڵاتی ناویندا بکەن، بەگوێرەی رای گشتیی ئەمەریکایش مەبەستی (ترامپ) لە سزادانی سوپای پاسداران بریتییە لە رێگریکردن لە تەکمیلەی بازنەی هیلالی شیعیی ئێران لە رۆژهەڵاتی ناویندا.

بەشێوەیەکی گشتیی ترامپ سێ پەیامی دایە ئێران:
پەیامی یەکەم: سوپای پاسداران
سنووردارکردنی چالاکی ئەو سوپایە لە عێراق و سووریادا کە بە گوێرەی ستراتیژیەتکەی (ترامپ) ئەو سوپایە بووەتە هۆکارێک بۆ نانەوەی پشێوی لە رۆژهەڵاتی ناویندا. سوپای پاسداران لە عێراق بە رێگەی حەشدی شەعبی و لە سووریادا بەڕێگەی رژێمی سووریا چالاکن و ئیدی (دۆناڵد ترامپ) دەستی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکای واڵا کرد بەرانبەر بە چۆنیەتی سنووردارکردن و نامانی نفووزی ئێران لەو دوو وڵاتەدا، لە قسەکانی (ترامپ)دیار بوو کە لە دەرەوەی ئێراندا ئەمەریکا رێگە لە سوپای پاسداران دەگرێ، ئەمەیش وادەکات کە ئێران بکەوێتە بەردەم هەڕەشەیەکی جیددی و نەتواتێ ئیدی دەستوەردان وەک جاران لە کاروباری وڵاتان بکان چونکە لەژێر چاودێری چڕی ئەمەریکادا دەبێ. لە یەکەم کاردانەوەیشدا سەرۆکی ئێران (حەسەن رۆحانی) گوتی ئەمەریکا کودەتای کرد.

پەیامی دووەم: دەستنیشانکردنی ئێران بە سەرچاوەی تیرۆر لە جیهاندا
لە پەیامەکەی سەرۆکی ئەمەریکادا روونە کە ئێران سەرچاوەی تیرۆرە لە جیهاندا، بۆیە پێشبینی دەکرێ کە ئەمەریکا و هاوپەیمانان بە سیاسەتێکی نوێ لە رۆژهەڵاتی ناویندا لە دژی ئێراندا بێنە سەرهێڵ، لەمەودوا پاڵپشتیی ئەمەریکا بۆ هاوپەیمانانی بە روونی دیاردەبێ، چونکە لە ستراتیژیەتەکەی ترامپدا ناوی هاوپەیمانان هاتووە و داوایشی لێکردوونە کە رێگری لە دەستەڵاتی ئێران بگرن، ئەمەیش تێڕوانینی نوێی سیاسەتی ئەمەریکا لە رۆژهەڵاتی ناوین دەگۆڕێ، لەیەکەم کاردانەوەیشدا هەردوو وڵاتی سعوودیا و ئیسرائیل پێشوازیان لە ستراتیژیەتیی نوێی سەرۆکی ئەمەریکا کرد بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئێران.
پەیامی سێیەم: رێککەوتنی ئەتۆمی
دوای تەواوبوونی گوتارەکەی (دۆناڵد ترامپ) لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە باخچەی کۆشکی سپی گوتی، من بابەتی چەکی ئەتۆمی بۆ کۆنگرێس جێدێڵم، ئەگەرئەوان نەگەیشتنە بڕیار ئەوا خۆم بڕیاری لێ دەدەم و رێککەوتنەکە هەڵدەوەشێنمەوە. رێککەوتنی ئەتۆمی ئێران لە دیتی سەرۆکی ئەمەریکا رێککەوتنێکی خراپ بووە کە ئەمەریکا لەگەڵ ئێران لە ساڵی ٢٠١٥ واژۆی کردووە، بۆیە داوای لە کۆنگرێس کرد کە رێککەوتنەکە هەمواربکرێتەوە و بە روونی رایگەیاند کە ئەو ئەورێککەوتنەی بەوشێوەیە لای پەسەند نییە.
پەیامی چوارەم: رێگاچارەی ترامپ
سەرۆکی ئەمەریکا نەخشەی رێگاچارەی بۆ رووبەڕوونی ئێران بریتییە لەوەی کە نابێ ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، وەک گوتی، کە ناهێڵم ئێران گەشە بە چەکی ئەتۆمی بدات و ببێتە خاوەنی، هەروەها رێگریش لەوە دەکەم کە ئێران موشەکی کیشوەربڕەکانی دەستکەوێ.
مەبەستی (ترامپ) لە گوتارەکەیشدا بەرانبەر بە جوڵەی ئێران لە ناوچەکەدا رێگری بوو لە هیلالی شیعی ئێران و بە ئاشکرا گوتی، سوپای پاسداران سزادەدەین و ئیدی چاوی ترامپ لە رۆژهەڵاتی ناویندا لەسەر ئێران دەبێ.

Back to top button