سوپای پاسداران هانی حەشدی شەعبی دەدات هەلبكوتنە سەر بالیۆزخانەی ئەمریكا
دوای بڕیارەكەی شەوی رابردووی ئەمریكا كە سوپای پاسدارانی خستە لیستی تیرۆرەوە, لە ئێستادا شیمانەدەكرێت سوپای پاسدارانی كۆماری ئیسلامیی ئێران، پیلانی دووبارەكردنەوەی سیناریۆی ساڵی 1979ی باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە تاران، دادەڕێژێت و لە ڕێگەی حەشدی شەعبییەوە لە عێراق و حزبوڵاش لە بەیرووت، هەوڵی هێرشكردنە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریكا دەدات.
ماڵپەڕی (ڕۆژی كورد) بە پشتبەستن بە سەرچاوەیەك لەناو سوپای پاسدارانەوە بڵاوی كردووەتەوە، بەرپرسانی باڵای ئێران فەرمانیان بە میلیشیاكانی حەشدی شەعبی لە عێراق كردووە، ئامانجی داھاتووتان ھێرشە بۆ سەر باڵیۆزخانە و بنكەكانی ئەمریكا لە ناوچەكە.
ھەمان سەرچاوە بڵاوی كردووەتەوە، پاش گوشاری زۆری ئەمریكا بۆ سەر سوپای پاسداران، سوپاكە بە نیازە لە ھەوڵێكی تۆڵەدا ھاوشێوەی ساڵی 1979ی تاران، كۆنسووڵخانە و باڵیۆزخانەكانی ئەمریكا لە ناوچەكە بكەنە ئامانج.
لە درێژەی زانیارییەكاندا ئەوە هاتووە: ”ئەم پرۆژەیە یەكێك لە ئەولەویەتەكانە كە لەلایەن سوپای پاسدارانەوە لە بەرانبەر گەمارۆكانی ئەمریكا لەدژی سوپای پاسداران داڕێژراوە و ئێستا لە قۆناغی داڕشتنی ڕێكارەكان دان و ئەگەر هەیە لە ماوەی یەك مانگی داھاتوودا ھەنگاوەكانی جێبەجێ بكرێت”.
زانیارییەكانی ماڵپەڕەكە دەریدەخات كە ئێران هەوڵدەدات لە وڵاتانی عێراق و لوبنان كە پێگەی ئێران بەهێزە و گرووپ و میلیشیاكانی سەر بە سوپای پاسداران تێیاندا زۆرترە، هێرش بكەنە سەر باڵیۆزخانەكانی ئەمریكا. ئەوەش ئاشكرا كراوە كە بەشێك لە پیلانەكە لە لایەن قاسم سولەیمانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سەر بە سوپای پاسدارانەوە بەڕێوە دەچێت و چاودێری دەكرێت.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆك كۆماری ئەمریكا دوێنێ ھەینی، لە وتارێكی تونددا سوپای پاسدارانی ئێرانی بە دامەزراوەیەكی گەندەڵ، پشتیوانی تیرۆریزم ناساند و گوتی: ”ئەمریكا گەمارۆی قورس لەدژی ئەو ڕێكخراوە دەگرێتە بەر. بە گوتەی سەركۆماری ئەمریكا، سوپای پاسداران دامەزراوەیەكی گەندەڵە كە لە ژێر فەرمان و چاودێریی ڕێبەری ئێراندا كار دەكات، یارمەتیی میلیشیا چەكدارە شیعەكانی ناوچەكە دەدات، بۆمب دادەنێت، من داوا لە وەزارەتی خەزێنەداری ئەمریكا دەكەم، سوپای پاسداران و ئەندامەكانی بخاتە ناو لیستی گەمارۆكانەوە“.
هەر بەهۆی ئەو هەڵوێستەی ئەمریكا، ماڵپەڕەكە نەیشاردووەتەوە كە فەرماندە باڵاكانی سوپای پاسداران لەڕێگەی “سوپای قودس”ەوە پەیامێكیان بڵاو كردووەتەوە كە “ئەگەر ئەمریكا لە ھێرش بۆ سەر سووریا بەردەوام بێت و دۆناڵد ترەمپ لەسەر ئەم جۆرە لێدوانانەی بۆ سەر ئێران و شكاندنی پێگەی سوپای پاسداران بەردەوام بێت و ئەو سوپایە بخاتە ناو لیستی گەمارۆكانەوە، بێگومان ئامانجی داھاتوومان ھێرش بۆ سەر باڵیۆزخانەی ئەو وڵاتە دەبێت لە بەغدا و بەیرووت“. پەیامەكەش لەلایەن بەرپرسێكی فەرمی و باڵای سەربازیی ئێرانەوە بۆ میلیشیا شیعەكانی عێراق نێردراوە كە خۆیان بۆ ھێرشێكی وا ئامادە بكەن. لەپەیامەكە هاتووە: ”خۆتان ساز بكەن كارێكی گرنگتان لەپێشە، لە داھاتوودا جارێكی دیكە مێژوو دووبارە دەبێتەوە و هەڵمەتێكی ھاوشێوەی ساڵی 1979ی تاران لە بەغدا و بەیرووت دووبارە دەبنەوە”.
ئەم پیلانەی سوپای پاسداران كە لە ڕێگەی حەشدی شەعبی و فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران و حزبوڵاوە جێبەجێ دەكرێت، لە كاتێك دایە كە چەند ڕۆژ لەمەوبەر، محەمەدعەلی جەعفەری، فەرماندەی گشتییی سوپای پاسداران، لە بەرانبەر لێدوانەكانیدا ترەمپدا ڕای گەیاند: “ئەگەر بێت و گەمارۆ بخرێتە سەر سوپای پاسداران و ترەمپ لەم ھەڵوێستانەی بەردەوام بێت، ئێمەش ھاوشێوەی داعش چاو لە سوپای ئەمریكا دەكەین و بنكە و بارەگا و بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا لە ناوچە ھەتا دوو ھەزار كیلۆمەتریی دوورتر لە سنووری ئێران دەكرێنە ئامانج”.
ھاوكات مەسعود جەزایری، گوتەبێژی ھێزە چەكدارەكانی ئێران لە كاردانەوە بەرامبەر بە قسەكانی دوێنێی دۆناڵد ترەمپ، ڕای گەیاند: “لە زمانی خەڵكی ئێران و ھەموو ھێزە چەكدارەكانەوە دەڵێم لە بەرانبەر دەوڵەتی گەندەڵی ئەمریكادا خۆڕاگرانە دەوەستین و لێبڕاوانەتر لە جاران لە ھەموو شوێن و جوگرافیایەكی جیھان دژی بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا دەوەستینەوە كە بیانھەوێ دژی ئێمە بجووڵنەوە”.
لە 4ی نۆڤێمبەری ساڵی 1979، قوتابییانی پێڕەوی ڕێبازی خومەینی، هێرشیان كردە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە تاران و 66 دیپلۆماتكاری ئەمریكایان لە باڵیۆزخانەكە دەست بەسەر كرد كە لە 20/1/1981 ئازاد كران و سەرجەم بەڵگەنامەكانی نێو باڵیۆزخانەكەش دەستیان بەسەردا گیرا.