شێخ جەعفەر: لەیەك بستی خاكی كەركووك خۆش نابین
دوای ئەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێم پڵانێكی سوپای عێراق و حەشدی شەعبی ئاشكرا كرد, كە دەیانویست لە باشوری كەركووك هێڕش بكەنە سەر كوردستان, هێزەكانی پێشمەرگە بۆ پێش گرتن بەهەر هێرشێك لە كەركووك كەوتنە ئامادەباشی تەواو فەرماندەی یەكەكانی 70ی ھێزی پێشمەرگەی كوردستان ڕای گەیاند، هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان لە حاڵەتی ئامادەباشیی تەواو دایە و ”لە یەك بستی خاكی كەركووك خۆش نابین“.
شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، فەرماندەی یەكەكانی 70ی ھێزی پێشمەرگەی كوردستان ڕایگەیاندووە: “ھێزەكانی پێشمەرگە لە دەرەوەی كەركووك، كەوتوونەتە حاڵەتی ئامادەباشی و سەنگەرسازیی خۆیان كردووە، چونكە لەلایەن ھەندێك ھێزەوە ھەڕەشەمان لێ دەكرێت، ھەرچەندە پێشمەرگە خۆی لەشەڕ دەپارێزێت، بەڵام ناچارین بەرگری لە سنوورەكانی خۆمان بكەین“.
ئەوەشی ڕوون كردەوە، ئێستا لەناو شاری كەركووك، ھێزی پێشمەرگە بوونی نییە، تەنھا ھێزەكانی پۆلیس و ئاسایش لەناو شاردان، ”بێگومان ئەوانیش دۆخی ئەمنی شارەكە دەپارێزن“، بەڵام لە دەرەوەی كەركووك، ھێزی پێشمەرگە كەوتووەتە حاڵەتی ئامادەباشی و ھەر كەسێك بیەوێ سنووری ناوچە كوردستانییەكان ببەزێنێت، ھێزی پێشمەرگە بەرگری لە خۆی دەكات.
شێخ جەعفەر گوتیشی: ”لە یەك بست خاكی كەركووك خۆش نابین، چونكە خوێنمان بۆ داوە و خوێنی دیكەش لەپێناو ناوچە كوردستانییەكاندا دەدەین“.
ئەمە لە كاتێكدایە كە پێشتر حەشدی شەعبی و سوپای عێراق، پیلانگێڕییەكیان بۆ چوونە ناو كەركووك و دەست بەسەرداگرتنی شارەكە داڕشتبوو ، چەند سەركردەیەكی یەكێتیش لە پیلانگێڕییەكەدا بەشدارن، بەڵام دوای ئاشكراكردنی پیلانەكە، هەریەك لە (كۆسرەت ڕەسول عەلی، محەمەدی حاجی مەحموود، كەمال كەركووكی، شێخ جەعفەر و فەرماندە باڵاكانی دیكەی پێشمەرگە) لە كەركووك كەوتنە ئەوپەڕی ئامادەباشییەوە.