عەلاوی لەبارەی دۆخی كەركووكەوە داوای كۆبوونەوەیەكی بەپەلە دەكات
دوای ئەوەی حەشدی شەعبی ویستی هێرش بكاتە سەر كوردستان لە باشوری كەركووكەوە پێشمەرگە بە هێزێكی زۆر لە پێشی وەستاوەتەوە, لەبارەی ئالۆزیەكانی ناوچەكە كە حەشدی شەعبی دروستی كردووە, ئەیاد عەلاوی جێگری سەركۆماری عێراق داوای كۆبوونەوەیەكی نیشتمانی بە پەلە دەكات.
عەلاوی لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند كە داواكانی مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ گفتوگۆ و رەتكردنەوەی بەكارهێنانی هێزیش لەلایەن حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراقەوە، پێویستی بەوەیە وتوێژی دوو قۆڵی لەسەر بنیات بنرێت.
جێگری سەركۆماری عێراق ئاماژەی بەوەش دا كە پێویستە هەردوولا بە زووترین كات كۆبوونەوەیەكی نیشتمانی ئەنجام بدەن و بە تایبەتیش كێشەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان، كە دەبێ لەژێر سێبەری دەستووردا چارەسەر بكرێ.
عەلاوی داوای داڕشتنی نەخشەڕێگەیەكی ڕوونی كرد بۆ ڕوونكردنەوەی داهاتووی پرۆسەی سیاسی لە نێوان هەولێر و عێراق.
جێی باسە لە دوێنێ هەینییەوە هێزەكانی حەشدی شەعبی و سوپای عێراپ دەستیان بە جووڵە كردووە لە دژی هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان و لە چەند شوێنێكیی خوارووی كەركووكیشدا تەقەیان لە هێزەكانی پێشمەرگە كردووە، لەوانەش لە خورماتوو.