هێمن هەورامی: نامەكەی تیلەرسۆن تەنیا ڕەشنووس بووە نەك نامەیەكی فەرمی

ژمارەیەك دەزگای ڕاگەیاندن نامەیەكی ریكس تیلەرسۆن وەزیری دەرەوەی ئەمەریكایان بڵاوكردووەتەوە كە ناوەڕۆكەكەی باسی پرسی دواخستنی ڕیفراندۆم و گفتوگۆی نێوان هەولێر بەغدا دەكات و بەرپرسێكی باڵای هەرێمی كوردستانیش دەڵێ ئەو نامەیە تەنیا ڕەشنووس بووە نەك نامەیەكی فەرمی.

هێمن هەورامی،بەرپرسی كاروباری سیاسی و پەیوەندییە گشتییەكانی مەكتەبی سەرۆك بارزانی لەمیانەی بەشداریكردنی لە پرۆگرامێكی (كوردستان24) ڕایگەیاند: “ئەو نامەیەی تیلەرسۆن تەنیا ڕەشنووسە و نامەی فەرمی نییە واتا نامەیەك نییە بەفەرمی نێردرابێ”.

ڕوونیشیكردەوە كە ڕۆژێك پێش ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لەمیانەی كۆبوونەوەی كۆمیتەی ڕیفراندۆم سەرجەم حزبەكانی بەشداربووی كۆبوونەوەكە لە ناوەڕۆكی ئەو ڕەشنووسە ئاگادار كراونەتەوە.

گوتیشی: “بزووتنەوەی گۆڕانیش ئاگاداری ئەو ڕەشنووسە بووە چونكە برێت ماكگۆرك سەردانی ئەوانیشی كرد و ناوەڕۆكی ڕەشنووسەكەی پێڕاگەیاندن”.

هەورامی ڕاشیگەیاند كە ئەوەی ئێستا عێراق دەیكات ئەگەر ریفراندۆمیش نەكرابا هەر دەیكرد و زیاتر گوتی: “ئەگەر ڕیفراندۆممان نەكردبا كارەسات دەبوو چونكە بە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم ئیرادەی گەلی كوردستان پارێزرا”.

جەختیشیكردەوە كە هیچ كەس و هێزێك ناتوانێ ئەنجامی ڕیفراندۆم ڕەت بكاتەوە.

Back to top button