محه‌مه‌دی حاجی مه‌حمود: حه‌شدی شه‌عبی شه‌ڕ هه‌ڵگیرسێنن ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان راده‌گه‌ێنین

محه‌مه‌دی حاجی مه‌حمود، سکرتێری حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان کە ئێستا وەک فەرماندەیەکی پێشمەرگە لە سنووری کەرکووکە، له‌ بڵاوكراوه‌یه‌ك رایده‌گه‌ێنێت” كه‌ هەر کاتێک میلیشیاکانی حەشدی شەعبی شەڕ هەڵبگیرسێنن، بڕیاری کۆتایی دەوڵەتی کوردستان دەچەسپێنن.

ده‌قی بلاوكراوه‌كه‌ی محه‌مه‌دی حاجی مه‌حمود، فه‌رمانده‌ی پێشمه‌رگه‌ له‌ كه‌ركوك:-

هاوڵاتیانی بەشەرەفی کوردستان
لەبارەی دۆخی ئاڵۆزی شاری کەرکوک و ناوچەکە
پەیامی محمدی حاجی محمود لە کەرکوکەوە
جەماوەری خەڵکی کوردستان
لەبارەی دۆخی شاری کەرکوک ودەوروبەری شارەکە، ئێمە لەهێزی پێشمەرگەی کوردستان ، هەموو خەڵکی کوردستان ئاگاداردەکینەوە کە هێزی پێشمەرگەی کوردستان لەسەنگەری پێشەوەی بەرگری کردن دا سەنگەری قایم و بەهێزی لێداوەو لەحاڵەتی دیفاع کردندایە لەبست بەبستی خاکی کوردستان، و ڕێگە نادەین هیچ هێزێ بستێ لەخاکمان داگیر بکات،
ئێمە ئامادەین بۆ پارێزگاری لە هەموو بستێکی خاکی پیرۆزی کوردستان ،بۆیە ئێمە نامانەوێ شەر هەڵبگیرسێ و خوێن بڕێژرێ و ئەوهێزانەی لەشەڕی دژ بەداعش پێکەوە جەنگاون بۆ لەناوبردنی داعش ئەمڕۆ بەدەستی یەکتر خۆێنیان بڕێژرێ و شەڕی یەکتر بکەن،
ئەوناوچانەی کەبەخوێنی هێزی پێشمەرگە ڕزگارکراوە ،بەخوێنیش هەر دەیپارێزین ،
ئێمە خەڵکی کوردستان بەگشتی و خەڵکی شاری کەرکوک دڵنیا دەکەینەوە ،کەهیچ هێزێ ناتوانێ ئیرادەی میللەتەکەمان تێک بشکێنێ.
چەندین حوکمەتی یەک لەدوای یەکی عێراق هەر لەسەردەمی عبدل الکریم قاسم و عبد السلام عارف و عبدالرحمان عارف و احمد حسن بکر و سەدام حسین نەیانتوانی ئیرادەی خەڵکی کوردستان تێک بشکێنێ ،ئەمانە چارەنووسیان چی لێ بەسەرهات ،چارەنووسی ئەوانی کە هاتوون شەڕی خەڵکی کوردستان و هێزی پێشمەرگە بکەن چارەنووسیان لەوان باشتر نابێ .
ئێمە پێمان ناخۆشە قەترەیەک خۆێن چیە بڕێژرێ بەڵام کاتێک ئەوان بێن تەماع لەسەرخاکمان بکەن ،ئەوا هێزی پێشمەرگەی کوردستان ڕێگا نادات و ناحەزانی دژ بەگەلەکەمان تێک دەشکێنێ . هەرکاتێکیش ئەوانە بیانەوێ شەڕ لە ئاگرو بڵێسەی مەشخەڵی گڕی بابەگۆڕگۆڕەوە هەڵگیرسێنن ،ئەوا دڵنیای هەموو دەکەینەوە کە بەئاسانی ئەم ئاگری شەڕە ناکوژێتەوەو ئێمەش بەهەموو شێوەیەک بەرگری لەدەسکەوتەکانی گەلەکەمان دەکەین و بڕیاری کۆتایی دامەزراندنی دەوڵەتی کوردستان دەچەسپێنین .
بۆیە نەسیحەتی کاربەدەستانی عێراق دەکەین بەبڕیارەکانی خۆیاندا بچنەوەو و سەیرێکی مێژوو بکەن کوردستان ئەنفالی بەسەردا کراو کیمایی و جینۆساید کراو گوندەکانی خاپوورکرا لەلایەن ڕژێمی عێراقەوە و نەیتوانی مل بەم گەلە سەربڵندە کەچ بکا چارەنووسیان لەوان باشتر نابێ.
وەدڵنیایی خەڵکی کوردستان دەکەینەوە بەخوێن چۆن پاراستوومانە هەرواش دەیپارێزین .سڵاو لە هێزی پێشمەرگەی کوردستان کە شێرانە لەسەنگەری بەرگری کردن لە بست بە بستی خاکی کوردستان بەبڕووایەکی پتەوەوە ڕاوەستاون بەرامبەر ناحەزان و دوژمنانی گەلەکەمان ،ئەمڕۆ هێزی پێشمەرگە تەنیانیە هەموو خەڵکی کوردستانی لەگەڵدایە هەر میللەتێکیش گەلەکەی لەگەڵدابێ ئەوە مێژووی گەلانی دنیا سەلماندوێتی کەسەرکەوتنی یەکجاری هەر به دەست دەهێنێ .
سڵاو بۆ هەموو ئەو خەڵکە خۆبەخشەی کە لەشارەکانەوە هاتوون دیفاع لە شاری کەرکوک و ناوچەکانی دەوروبەری شاره کە بکەن بەتایبەتی خەڵکی ناوشاری کەرکوک کە هەموویان خۆیان سازو ئامادە کردوە بۆ خۆبەخشینی گیانی خۆیان و بەرگری کردن لەشاری کەرکوکی خۆشەویست .
بۆیە ڕای گشتی نێودەوڵەتی ئاگادار دەکەینەوە کە ئەو هێزانەی شەڕمان پێدەفرۆشن ڕێگەی لێبگرن ئەگەر ئەوانیش نەینە سەرخەت و ڕێگری لێ نەکەن ،ئەوا کۆتایەکەی بە کۆتایی و ملکەچ کردنی ئەوهێزانە کۆتایی پێدێت کە هاتوونەتە سەر هێزی پێشمەرگەی کوردستان و دەیانەوێ شەڕی ئیرادەی گەلی کورد بکەن ،دواجار کۆنتڕۆڵ کردنی شەڕەکە ئاستەم دەبێ و بەهیچ لایەک کۆنتڕۆڵ ناکرێ و مەسولیەتی شەڕەکەش لەئەستۆی کاربەدەستانی عێراقە .،نەتیجەکەی.
هەرشادوو سەرکەووتو سەرفرازبن
محەمەد حاجی محمود
کەرکوک
۲٠۱۷/۱٠/۱٥

Back to top button