نێچیرڤان بارزانی: ریفراندۆم هه‌ڵناوه‌شێته‌وه‌

 
له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌ى ئه‌مرۆ یه‌ك شه‌مه‌ 15ى تشرینى یه‌كه‌مى 2017 نێوان پارتى دیموكراتى كوردستان و یه‌كێتى نیشتیمانى كوردستان به‌سه‌رپه‌رشتى  مه‌سعود بارزانى  سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان و فواد مه‌عسوم  سه‌رۆككۆمارى عێراق نزیك به‌ (5) كاتژمێر له‌ كۆبونه‌وه‌دا بوون له‌ قه‌زاى دوكان، له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌دا بڕیاریانداوه‌ پێكه‌وه‌ به‌بێ مه‌رج دیالۆگ له‌گه‌ڵ به‌غداد بكه‌ن .
 
له‌ پرێس كۆنفرانسێكى هاوبه‌شدا نێچیرڤان بارزانى جێگرى سه‌رۆكى پارتى دیموكراتى كوردستان و  مه‌لا به‌ختیار  به‌رپرسى ده‌سته‌ى كارگێرى مه‌كته‌بى سیاسى یه‌كێتى نیشتیمانى كوردستان ، ناوه‌رۆكى كۆبونه‌وه‌ى یه‌كێتى و پارتى یان ئاشكرا كرد .
له‌وه‌ڵامى پرسیارێكدا سه‌باره‌ت به‌ گوشاره‌كانى كۆمارى ئیسلامى ئێران له‌سه‌ر یه‌كێتى نیشتیمانى كوردستان ، مه‌لا به‌ختیار به‌رپرسى ده‌سته‌ى كارگێرى مه‌كته‌بى سیاسى یه‌كێتى ڕایگه‌یاند ” ئێران گوشارى كردووه‌ ، چى كردووه‌ یان نه‌یكردووه‌ ، یه‌كێتى سیاسه‌تى خۆى جێبه‌جێ ده‌كات ، ئێمه‌ له‌ ژێر گوشاردا پاشه‌كشه‌ ناكه‌ین “.
 
له‌ وه‌ڵامى پرسیارێكى تردا سه‌باره‌ت به‌ داخستنى خاڵه‌ سنورییه‌كانى كۆمارى ئیسلامى ئێران له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستان ، نێچیرڤان بارزانى جێگرى سه‌رۆكى پارتى دیموكراتى كوردستان ڕایگه‌یاند ” داخستنى سنور نه‌له‌ به‌رژه‌وه‌ندى ئێرانه‌ نه‌له‌به‌رژه‌وه‌ندى ئێمه‌شه‌ ، هیوادارین ئه‌و داخستنه‌ كاتى بێت و ئه‌گه‌ر بۆ گوشار خستنه‌ سه‌رهه‌رێم ئه‌و بڕیاره‌ى دابیت ئه‌وا هیچ شتێك چاره‌سه‌ر ناكات “.
 
لاى خۆیانه‌وه‌ جێگرى سه‌رۆكى پارتى و به‌ررسى ده‌سته‌ى كارگێرى مه‌كته‌بى سیاسى یه‌كێتى كۆبونه‌وه‌كه‌یان به‌ ئه‌رێنى و سه‌ركه‌وتوو ناوبردو ، ڕیفراندۆمیش هه‌ڵناوه‌شێته‌وه‌ ، چونكه‌ بڕیارى گه‌لى كوردستانه‌ ، نه‌ك حیزب .
Back to top button