جۆن مه‌ككه‌ین : كورد هاوبه‌شێكى پڕبایه‌خ و دۆستێكى دێرینى ئه‌مریكایه‌

 
“جۆن مه‌ككه‌ین ” سیناتۆرى دیارى كۆمارییه‌كانى ئه‌مریكا و سه‌رۆكى لیژنه‌ى خزمه‌تگوزارى چه‌كدارى له‌ ئه‌نجومه‌نى پێران ، سه‌باره‌ت به‌ دۆخى كه‌ركوك ڕاگه‌یه‌نراوێكى بلاوكرده‌وه‌و ڕایگه‌یاند ” كورد هاوبه‌شێكى دێرین و پڕبایه‌خى ئه‌مریكایه‌ و نابێت ڕێگه‌بدرێ هێزه‌ عێراقى و ئێرانیه‌كان هێرش بكه‌نه‌ سه‌ر كه‌ركوك ، نیگه‌رانم به‌و ڕاپۆرته‌ میدیایانه‌ى كه‌ ئاماژه‌ به‌ پێشره‌وى سه‌ربازى عێراقى دژى پێشمه‌رگه‌و كورد له‌ كه‌ركوك ده‌كه‌ن ، زۆر به‌ تایبه‌تیش نیگه‌رانم به‌و ڕاپۆرته‌ میدیایانه‌ى كه‌ هێزه‌كانى ئێران به‌شێك له‌ هێرشه‌كه‌ بوون ، پێویسته‌ هێزه‌ عێراقییه‌كان هه‌نگاوى عاجل بنێن بۆ كه‌مبونه‌وه‌ى ئه‌م بارودۆخه‌ شڵه‌ژاوه‌ و پێشڕه‌وییه‌كانیان ڕابگرن “.
 
“جۆن مه‌ككه‌ین ” له‌ ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه‌دا ده‌لێت ” ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مریكا چه‌كى دایه‌ عێراق و ڕاهێنانى پێكرد بۆ ئه‌وه‌ى شه‌ڕى داعش بكات و خۆى له‌ هه‌ڕه‌شه‌ ده‌ره‌كییه‌كان بپارێزیت ، نه‌وه‌ك هێرش بكاته‌ سه‌ر پێكهێنه‌ره‌كانى یه‌كێك له‌ حكومه‌ته‌ هه‌رێمه‌ نێوخۆییه‌كانى عێراق كه‌ هاوبه‌شێكى دێرین و پڕبایه‌خى ئه‌مریكایه‌ ، به‌هه‌ڵه‌ تێمه‌گه‌ن ، ئه‌نجامه‌كه‌ى مه‌ترسیدار ده‌بێت ئه‌گه‌ر چه‌كى ئه‌مریكى به‌م شێوه‌یه‌ به‌كار بهێنن “.
Back to top button