ئه‌مریكا: ئێران بووه به هه‌ڕه‌شه بۆ سه‌ر دۆسته‌كانمان بۆیه ڕژێمه‌كه‌ى ده‌گۆڕین
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مریكا، ڕای ده‌گه‌یه‌نێت، ستراتیژى نوێ كه “تره‌مپ” له باره‌ى ئێرانه‌وه ڕای گه‌یاند، ئامانج لێی پشتیوانیكردنى دیموكراسییه‌ت و گۆڕینی ڕ‌ژێمى ده‌سه‌ڵاتدراه له تاران.
ڕیكس تیله‌رسۆن، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مریكا، له دیدارێكدا له‌گه‌ڵ كه‌ناڵى CNN ڕای گه‌یاند: “ستراتیژى نوێی ئه‌مریكا، ته‌نها ئامانجى مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ ڕێككه‌وتنه ئه‌تۆمییه‌كه نییه، به‌ڵكو له‌گه‌ڵ هه‌موو هه‌ڕه‌شه‌كانى ئێرانه”.
تیله‌رسۆن، ئاماژه‌ى به‌وه‌شدا، كه واشنتۆن نیازی هه‌یه پشتیوانی هێزه‌كانى ئۆپۆزسیۆنی ئێران بكات، گوتیشی: “هه‌وڵده‌ده‌ین پشتیوانى له‌ده‌نگه میانڕه‌وه‌كانى ئێران بكه‌ین، پشتیوانى له داخوازییه‌كانیان بۆ دیموكراسى و ئازادى بكه‌ین، به‌و هیوایه‌ی گه‌لى ئێران ده‌سه‌ڵاتى وڵاته‌كه‌یان وه‌ربگرنه‌وه”.
جختیشیكرده‌وه، كه ئه‌وه كۆتایی یارییه‌كه‌یه، به‌ڵام یارییه‌كی درێژخایه‌نه، گوتیشی: “ئێمه‌ش ئه‌وه ده‌زانین”.
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مریكا، له دیداره‌كه‌دا گوتیشی: “سه‌رۆك تره‌مپ ستراتیژێكى فراوانترى بۆ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ ئێران ده‌ویست”. هه‌روه‌ها گوتیشی: “ئیداره‌ى پێشوو (ئۆباما) ماوه‌یه‌كی درێژى بۆ په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ئێران له‌باره‌ى ڕێككه‌وتنه‌كه‌وه ده‌ستنیشان كردووه، كه پڕه له نه‌نگى و چه‌ندین خاڵى لاواز”.
تیله‌رسۆن، باسى له‌وه‌شكرد، كه دۆناڵد تره‌مپ، له‌سه‌ره‌تاى هه‌ڵمه‌تى هه‌ڵبژاردنه‌وه، جه‌ختی له‌وه ده‌كرده‌وه، كه ده‌بێت ئه‌و ڕێككه‌وتنه چاك بكرێت و دووباره گفتوگۆى له‌باره‌وه بكرێت، گوتیشی: “به‌شێوه‌یه‌كی وردتر، گوتى ئه‌و نه‌نگییانه چاره‌سه‌ر ده‌كات، یان ناچار ده‌بێت ڕێككه‌وتنێكى به‌ته‌واوه‌تى جیاواز ڕێكبخات”.
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مریكا، ده‌شڵێت: “ده‌مانه‌وێت له‌گه‌ڵ خاڵه لاوازه‌كانى ڕێككه‌وتنه‌كه مامه‌ڵه بكه‌ین، به‌ڵام له‌هه‌مان كاتیش‌دا ده‌مانه‌وێت مامڵه له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك هه‌ڕه‌شه‌ى ئێران بۆ سه‌ر ناوچه‌كه و دۆستان و هاوپه‌یمانمان و ئاسایشی نیشتمانیمان بكه‌ین”.
هه‌روه‌ها تیله‌رسۆن، باسى له پشتیوانی ئێران بۆ تیرۆر له ناوچه‌كه كرد، وه‌ك خۆى گوتى: “پشتیوانى حوسییه‌كان له یه‌مه‌ن و ڕ‌ژێمى به‌شار ئه‌سه‌د له سووریا و تێكدانى سه‌قامگیری و پشێوى نانه‌وه له ناوچه‌كه له‌ژێر ناوى هه‌نارده‌كردنى شۆڕشى ئیسلامى، ده‌كات”.