فوئاد مەعسوم پەیامێك لە بارەی رەوشی كەركووك بڵاودەكاتەوە

دوای تێپەڕینی رۆژێك بەسەر داگیركردنی كەركووك لە لایەن سوپای پاسدارانی ئێران و حەشدی شەعبی بە رێڕۆنی بالێكی نێو یەكێتی, پێش كەمێك فوئاد مەعسوم سەركۆماری عێراق پەیامێكی بڵاوكردەوە لەبارەی دۆخی ئێستای هەرێمی كوردستان و عێراق، تیایدا داوای لە خەڵكی كەركووك كرد بگەڕێنەوە سەر ژیانی ئاسایی خۆیان. گوتیشی دۆخی پێشمەرگە ناگۆڕێ و بەشێكن لە هێزە چەكدارەكانی عێراق.

مەعسوم داوای لە خەڵكی كەركووك كرد بگەڕێنەوە سەر ژیانی ئاسایی خۆیان. داواشی لە لایەنە ئەمنیەكان كرد، ماف و كەرامەتی پێشمەرگە و فەرمانبەران و هاووڵاتیانی كەركووك بپارێزن. بە پێویستیشی زانی ژیانێكی باش بۆ هاووڵاتیانی كەركووك دابین بكرێت.

سەركۆماری عێراق گوتیشی داوا لە لایەنەكان دەكەین بە پەلە بگەڕێنەوە سەر مێزی گفتوگۆ، پابەند بە یاسا و دەستوور ڕێك بكەون و چیتر ناكۆكیەكان وەلابنێن.

گوتیشی دۆخی پێشمەرگە ناگۆڕێ و ئەوان بەشێكن لە هێزە فەرمییەكانی عێراق.

هەروەها ئاماژەی بەوە دا كە ئەو لە ماوەی رابردوودا هەوڵێكی زۆری داوە بۆ ئەوەی بگەنە چارەسەرێك لە نێوان حكوومەتی بەغدا و حكوومەتی هەرێم. گوتیشی پێویستە پەیوەندی برایەتی لە نێوان عێراقیەكان توندوتۆڵ بكرێ و لە دیكتاتۆری و تۆقاندن دووربكەوینەوە.

هەروەها داوای كرد لە ڕێی گفتوگۆی راشكاوانەوە لە نێوان لایەنەكان، كێشەكان چارەسەر بكرێن، بە جۆرێك مافی كورد و عەرەب و توركمان و تەواوی پێكهاتەكان بەبێ جیاوازی بپارێزرێ.

Back to top button