بەهۆی داگیركردنی كەركوك میدیاكانی ئەمریكا هێڕشی فراوانیان بۆ سەر ئیدارەی ترەمپ دەستپێكرد
میدیاكانی ئەمریكا بە توندی ڕەخنە لە سیاسەتی وڵاتەكەیان بەرانبەر كوردستان دەگرن و لە لێكدانەوەكانیاندا بۆ ئەو ڕووداوانەی ڕۆژی 16ـی ئۆكتۆبەر لە كەركووك ڕووی دا، بە سەركەوتنی سیاسەتی ئێران بەسەر ئەمریكا و دۆستەكانی لە ناوچەكەدا ناویان بردووە”.
لەو باریەوە رۆژنامەی واشنتۆن پۆست لە ڕاپۆرتێكدا نوسیوویەتی “ئەو شەڕەی ڕووی دا دەبێتە هۆی زیاتر باڵادەستبوونی ئێران لە عێراق و دەستی ئێران لە ناوچەكەدا واڵاتر دەكات و ڕەخنەی لە ئەمریكا گرتووە كە بێلایەینی هەڵبژاردووە”.
لەلایەكی دیكەوە سایتی بریت بارت، كە سایتێكە بەرپرسەكەی “ستیڤن بانوون”ـی گەورە ڕاوێژكاری دۆناڵد ترەمپ بوو، لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ جۆن بۆڵتن باڵیۆزی پێشووی ئەمریكا لە نەتەوە یەكگرتووەكان، پرسیاری دەربارەی ئەو ڕووداوانە لە بۆڵتن كردووەو لە وەڵامدا دەڵێت “بێدەنگیی ترەمپ لە بەرامبەر ئەو هێرشەی ئێران و بەغدا بۆ سەر كوردستان تراژیدیایە”.
بۆڵتن دەڵێت: لەجیاتی ئەوەی ئەمریكا پشتیوانی لە سەربەخۆیی كوردستان بكات، بەڵام بەداخەوە چاوپۆشییان لە هێرشی ئێران بۆ سەر كوردستان كرد”.
باڵیۆزی پێشووی ئەمریكا دەڵێت: “پێمان وایە هێشتا وەزارەتەكانی دەرەوە و بەرگریی ئەمریكا لەو باوەڕەدان كە عێراق بە یەكگرتوویی دەهێڵنەوه، بەڵام ئەم سیاسەتە هەڵەیە”.
بۆڵتن باسی ئەوەشی كردووە كە هێرشی سەر كەركووك و ناوچەكانی دیكەی كوردستان بە هاوكاریی میلیشیا شیعەكان و سەرپەرشتی سوپای پاسداران و قاسم سولەیمانی بووە و دواجار كەركووك كەوتە ژێر ركێفی ئێران.
رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ، سەروتارەكەی بەناوی “هێرش بۆ سەر كورد” نووسیوه و دەڵێت: “شكستی هاوپەیمانانی ئەمریكا لە هەرێمی كوردستان بە مانای سەركەوتنی ئێرانە، ستراتیجیی ترەمپ بەرامبەر ئێران، لە هەرێمی كوردستاندا كەوتە بەردەم یەكەم تاقیكردنەوە، چونكە ئێمە هیچ هاوپەیمانێكمان نەبوو لە ناچەكەدا جگە لە كورد و پێشمەرگە، بەڵام ئێستا لەبەردەستی ئێرانییەكان بەجێمان هێشتن”.
سایتی بەزفیدی بەناوبانگی ئەمریكیش لە راپۆرتێكدا دەڵێت: “شەڕی كەركووك شكستێكی گەورە بوو بۆ ستراتیژییەتی ئەمریكا، چونكە لە كاتێكدا داعش تێكشكێنراوە بەڵام ناوچەكە رادەستی ئێران كراوە”.