شێخ جەعفەر: راستیەكانی داگیركردنی كەركووك ئاشكرادەكات
شێخ جەعفەر مستەفا، فەرماندەی یەكەی حەفتای هێزی پێشمەرگە، لە میانی لێدوانی بۆ كەناڵی ئێن ئاڕ تی، ئاشكرایكرد، كە ئەو فەرمانی كشانەوەی بە پێشمەرگە كردووە و دواتر سەرۆك بارزانی لێ ئاگادار كردووەتەوە.
لە میانی قسەكانیدا، شێخ جەعفەر جەختی لەسەر ئەوە كردەوە، كە بە هیچ شێوەیەك بارزانی ئاگاداری پیلانی كشانەوەی هێزەكان نەبووە و گوتیشی: ئەگەر رێككەوتن كرابێت بۆ كشانەوە ئەوە خیانەتێكی گەورەیە و ئەگەر ئەوە خیانەت نەبێت ئەی چی خیانەتە.
فەرماندەی یەكەی حەفتا كە ئاماژەی ئەوەی لێبەدیدەكرا، مەترسی لەسەر ژیانی هەبێت و جووڵە و ئاماژەكانی رووخساری دەربڕی ئەو نیگەرانی و دڵەڕاوكێیە بوون كە لە بارەی ژیانییەوە هەن، گوتیشی: ریفراندۆم بڕیارێكی راست بوو، ئەگەر لەو دۆخەی ئێستاش خراپترمان بەسەر بێت، لە ریفراندۆم پاشگەز نابینەوە.
هەرچەند پێشكەشكاری كەناڵەكە هەوڵیدا شێخ جەعفەر بەو ئاراستەیە بەرێت كە رەخنە لە سەرۆك بارزانی بگرێت، بەڵام ناوبراو رەتیكردەوە، دان بە مانەوەی حەشدی شەعبی لە كەركووك بنێت و گوتی: بەردەوام دژی ئەو هێزەم.
ئەوەشی گوت: ئەو هێزەی هاتبوو، بە پیلانگێڕییەكی ئیقلیمی و بە گڵۆپی سەوزی نێودەوڵەتی هاتبوون و هێڵی یەكەمی بەرگری پێشمەرگەیان شكاندبوو.
جەعفەر مستەفا دووپاتیشیكردەوە، كە ئەو بڕیاریداوە پێشمەرگە بكشێتەوە و بەرپرسیارێتی ئەو بڕیارەشی دەگرێتە ئەستۆ.