ئەبو عیزرائیل سووپاسی بافڵ تاڵەبانی دەكات

دوای ئەوەی باڤێل تالەبانی هاوكاری حەشدی شەعبی و سوپای پاسداران كرد, بۆ داگیركردنی شاری كەركووك ئەبو عیزرائیل، كە یەكێكە لە فەرماندەكانی میلیشیای حەشدی شەعبی و بە ئەنجامدانی تاوانەكانی جەنگ لە لایەن سوننەكانەوە تاوانبار دەكرێت، لە گرتەیەكی ڤیدیۆییدا كە لە پەیجی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك بڵاویكردووەتەوە، ستایش و سووپاسی بافڵ تاڵەبانی كوڕی جەلال تاڵەبانی كرد بۆ ئەو خزمەتەی پێشكەشی چەكدارانی حەشدی كردووە لە رادەستكردنی شاری كەركووك.

 

بەرەبەیانی دوێنێ، بە هۆی رێككەوتنی چەند كەسێكی یەكێتی لەگەڵ میلیشیاكانی حەشد و سوپای عێراق، دەروازە سەرەكییەكانی كەركووك بە رووی لەشكركێشی سوپا و حەشدی شەعبییدا كرانەوە و پاشەكشێ بە هێزەكانی پێشمەرگە كرا.

ئەو رێككەوتنە دوای ئەوە هات، كە رۆژی پێشتر لە شارۆچكەی دوكان مەكتەبی سیاسی یەكێتی لەگەڵ مەكتەبی سیاسی پارتی بە ئامادەبوونی مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، بڕیار درابوو، یەكدەنگ و یەكهەڵوێست بن لە بەرامبەر لەشكركێشی سوپا و حەشد بۆ شاری كەركووك.

لە میدیاكانی جیهاندا ئەوە روونكراوەتەوە، كە رێككەوتنی هەندێك لە بەرپرسانی یەكێتی و حەشدی شەعبی و سوپای عێراق بە سەرپەرشتی قاسم سولەیمانی فەرماندەی سوپای قودسی پاسداران لە كەركووك ئەنجامدراوە.

هاوكات لە میدیاكانی جیهاندا ئاماژە بۆ ئەوە كراوە، كە بێدەنگی ئەمریكا لە ناوچەكە رێگەی بۆ سەركەوتنی پیلانەكانی ئێران لە عێراق و تەواوكردنی كەوانەی شیعی خۆشكردووە.

ئەبو عیزرائیل لە گرتە ڤیدیۆییەكەیدا هێرشی كردووەتە سەر سەرۆكی هەرێمی كوردستان و باسی لەوە دەكات كە بەیارمەتی بافڵ تاڵەبانی نەیانهێشتووە هەوڵی سەربەخۆیی كورد سەركەوتوو بێت.

Back to top button