ماركۆ روبیۆ: سۆزی حەشدی شەعبی بۆ ئێرانە نەك عێراق

دوای ئەوەی دوێنێ‌ سوپای پاسدارانی ئێران و حەشدی شەعبی بە هاوكاری بالێكی ناو یەكێتی هێڕشیانكردە سەر كەركووك و داگیریانكرد, سیناتۆری كۆمارییەكانی ئەمەریكا رایگەیاند، نابێت ئەوە لەبیر بكەین، كە ئێران چەك و پارە بۆ حەشدی شەعبی دابین دەكات و ئەو هێزەی وەلائی بۆ ئێرانە نەك عێراق.

ماركۆ روبیۆ، كە پیشتر كاندیدی كۆمارییەكان بوو بۆ سەرۆكایەتی ئەمەریكا، نیگەرانی خۆی لە گرژییەكانی كەركووك نیشاندا و رایگەیاند، ویلایەتە یەكگرتووەكان پاڵپشتی هێزەكانی هەولێر و بەغدا دەكات بۆ ئازادكردنی ئەو خەڵكانەی كە هێشتا لەژێر دەسەڵاتی رێكخراوی تیرۆریستی داعشدان.

ئەو سیناتۆرەی كۆمارییەكان دووپاتیشی دەكاتەوە، ئێران لە بینینی شەڕ زیاتر، هیچی دیكەی لە عێراق ناوێت و روونیشە تێوەگلانی حەشدی شەعبی، كە هاوسۆزی بۆ ئێرانە، هیچ قازانجێكی بۆ هیچ لایەنێك تێدا نییە.

هێزەكانی حەشدی شەعبی، بە پاڵپشتی و هاوكاری وڵاتێكی دەرەكی و بەو چەك و تانكە ئەمەریكییەی بۆ سوپای عێراق نێردراوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش، هێرشی كردووەتە سەر سەنگەرەكانی پێشمەرگە، ئەمەش نیگەرانی ئەمەریكییەكانی بە دوای خۆیدا هێناوە.

پێشتریش جۆن مەككەین، سیناتۆری دیاری كۆمارییەكانی ئەمەریكا، رایگەیاندبوو، ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا، عێراقی بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش پڕچەك كردووە، نەك هێرشكردنە سەر هاوپەیمانەكەمان، كە مەبەستی كوردە.

Back to top button