ئەڵمانیا بۆ عەبادی: كێشەكانی هەولێر و بەغدا بە رێگەی سەربازی چارەسەر نابن
وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا رایگەیاند، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی عێراق ئەنجامداوە و گوتوویەتی :”نابێ هیچ كەس وا تێبگا كە كێشەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراق بە رێگەی سەربازی چارەسەر دەبن”.
لە راگەیێندراوێكدا وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا باس لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنی نێوان زیگمار گابریێل، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە و حەیدەر عەبادی، سەرۆكوەزیرانی عێراق دەكات و دەڵیت “وەزیری دەرەوە بە حەیدەر عەبادی راگەیاندووە، ئەو ناكۆكییەی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراق نیگەرانییەكی گەورەی بۆ ئێمە دروستكردووە و نابێ هیچ كەس وا تێبگا كە كێشەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراق بە رێگەی سەربازی چارەسەر دەبن”.
گابریێل بە عەبادی گوتووە “چارەسەری بارودۆخی شڵەژاوی چەند رۆژی رابردووی عێراق بە رێگەی سەربازی چارەسەر نابێت، ئاڵۆزتركردنی زیاتری دۆخەكە، هەموو لایەنەكان لاواز دەكات، بەتایبەتیش عێراق زیاتر بەرەو ناسەقامگیری دەبات”.
وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا راشیگەیاندووە “داوا لە هەموو لایەنەكان دەكەن بۆ راگرتنی جموجۆڵی سەربازی و رێگەیەك نەگرنە بەر زیاتر دۆخەكە ئاڵۆز بكات، بەرپرسیارێتی هەموو لایەنەكانە كە بە هاوبەشی بگەڕێنەوە سەر مێزی گفتوگۆ بۆ ئەوەی ناكۆكییەكان بە ئاشتییانە چارەسەر بكرێن”.