مه‌لا به‌ختيار: به‌شدارى هيچ كۆبوونه‌وه‌يه‌ك ناكه‌م, پۆستەكەم پێشكەشی هەلپەرستانی یەكێتی بێت

لێپرسراوى ده‌سته‌ى كارگێڕى مه‌كته‌بى سياسى يه‌كێتى له‌ په‌يامێكدا ره‌وشى ناوخۆى يه‌كێتى به‌ مه‌ترسيدار وه‌سفكرد و رايگه‌ياند ته‌له‌ڤزيۆنه‌كان داگيركراوون و به‌ هۆى هه‌ڵه‌ى هه‌رزه‌كارانه‌وه‌ شكستمانخوارد.

ده‌قى په‌يامه‌كه‌ 

پەیامێكی ئاواڵە لە لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسیەوە

دۆخی كوردستان، گەیشتۆتە هەڵدێرێكی مەترسیدار. دەمەوێ‌ بەم پەیامە، گەلە دڵسۆزەكەمان‌و پێشمەرگە قارەمانەكان‌و كەسوكاری شەهیدان‌و تەواوی لایەنە سیاسیەكان ئاگادار بكەم كەوا:

بەش بەحاڵی خۆم، چاوەڕێ‌ دەكەم پەرلەمانی كوردستان، یان هەر كۆمیتەیەكی شارەزای بێلایەن، هەڵسەنگاندێكی قوڵی هەمەلایەنە، بەبەڵگەوە، لەسەر كۆی روداوەكان بكات، بە روداوی كارەساتباری كەركوكیشەوە، لەسەر هەركەس‌و گروپ‌و لایەنێك، هەر تاوانێك سەلمێندرا، ئەوكاتە دەبێ‌ دادگا توندترین سزایان بدات. لەناو یەكێتیشدا، بەهەمان شێوە، هەڵسەنگاندن لەسەر هۆكارە راستەقینەكانی كێشەو روداوەكانی ناو یەكێتی، بكرێ‌. هەتا سەرئەنجامی هەڵسەنگاندن، بەبەڵگەی تەواوەوە، روداوە كارەساتبارەكان، ساغنەكاتەوە، پێشوەخت، تومەت دابەشكردن لەراگەیاندن‌و لەچاوپێكەوتنەكاندا، كارێكی ناشایستەیە. كە بێگومان، ئەم روداوانە، لەخۆڕا رویاننەداوە. هەرلایەك بەپێی سەنگی خۆی‌و هەموو كاربەدەستێكیش، بەپێی پێگەكەی، پشكی كارەسات‌و روداوەكانی بەردەكەوێ‌.

بەش بەحاڵی خۆم، نەك لەم دوو هەفتەیەدا، بەڵكو لەدوای نەخۆشكەوتنی جەنابی مام جەلالەوە، رەنجی فەرهادم داوە، هەم لەناو یەكێتیداو هەم لەنێوان یەكێتی‌و پارتی‌و لایەنەكانی تریشدا، هاوكات نێوان هەرێم‌و بەغدادو دەوڵەتانی ناوچەكە، سیاسەتێكی ئەقڵانی هاوسەنگ بگیرێتەبەر. بەڵام مەخابن، لەبەشێكی بەرچاوی ئەو سیاسەتەدا، بەهۆی هەلپەرست‌و هەرزەكارانەوە، شكستمان خوارد!

سەبارەت بە ریفراندۆمیش، پاساوم بۆ رەخنەفرۆشان نەهێشتۆتەوە تانە بخەنە سەر هەڵوێستەكانم. بۆ یەكەمین جارە دەیڵێم: من، بەردەوام لەكۆبونەوەی دووقۆڵی یەكێتی‌و پارتی‌و سێقۆڵی لەگەڵ پارتی‌و یەكگرتوشدا، هەروەها لەكۆبونەوەی لیژنەی باڵای ریفراندۆمیشدا، سور بووم لەسەرئەوەی بەدیلی ریفراندۆم قبوڵ بكەین‌و لەگەڵ ئەمریكا، بەریتانیا، دەوڵەتانی ئیقلیمی، ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی‌و حكومەتی عێراق، گفتوگۆیەكی بەرپرسانە بكەین. بەڵام لەناو رای گشتی گەلەكەشماندا، دڵی یەك هاوڵاتی كوردستانیشم، لە داكۆكی بۆ مافە دیموكراسیەكان، ساردنەكردۆتەوە. چەند هەڵەو چەندیش لەو سیاسەتە راست بوبین، وەكو یەكێتی، با ئەمەشیان جێبهێڵم بۆ هەڵسەنگاندن‌و توێژینەوە.

جەماوەری سەربەرزی كوردستان!

بەم پەیامە ئاواڵەیە، هەموو لایەك ئاگادار دەكەمەوە كەوا:

یەكەم: مەترسییەكی گەورە لەسەر باشورو هەرێمی كوردستان هەیە، كە ببێتە دوو ئیدارەیی‌و دوو ئیدارەییش، لێكەوتەی شەڕی ناوخۆو دەستێوەردانی ئیقلیمی‌و نێودەوڵەتی نەخوازراوی لێ چاوەڕوان دەكرێ‌.

دووەم: یەكێتی، سەرەنجامی كێشە چارەسەرنەكراوەكانی دوای نەخۆشكەوتنی مام جەلال (پێشتریش) گیروگرفتەكانی نزیك كەوتونەتەوە لە بنبەست‌و مەترسی جیابونەوەیەكی گەورە، هەڕەشە لەیەكێتی دەكات. هەلپەرست‌و هەرزە ئەقڵەكانی ناو یەكێتی‌و فەیسبوكبازەكانیش كە هەر خەریكی شێواندنی زهنیەتی خەڵكن، وەكو پێشینان وتویانە: “دز بازاڕی شێواوی هەیە”.. ئەمانەش، لەناو هەموو رەوت‌و جەمسەرەكاندا، زۆر نابەرپرسیارانە، لەرابوردودا بەگشتی‌و لە دوو مانگی رابوردودا بەتایبەتی، دەستیان هەیە، لەم دۆخەی یەكێتی تێیكەوتووە. كە بەداخەوە بەشێك لەئامانجە گڵاوەكانیان هێناوەتەدی!

گەلی لێقەوماومان!

دوو ئیدارەیی‌و جیابونەوەی ناو یەكێتی، یان جیابونەوەی ناو یەكێتی‌و دوو ئیدارەیی، لەم هەلومەرجەی دوای كارەساتی كەركوك، پەیوەندییەكی توندوتۆڵیان بەیەكەوە هەیە.

هەر كوردێكی بەشەرەف‌و هەر یەكێتیەكی دڵسۆز، ئەگەر بیەوێ‌، دوای كارەساتی عەسكەری كە لەناوچە كێشەلەسەرەكاندا (بە شارە ئازیزەكەشمەوە خانەقین) بەسەرماندا هاتووە، راماننەكێشێت بۆ كارەساتی سیاسی ترسناكتر، هەقوایە، دڵسۆزان چەند دژی جیابونەوەی هەرێمن، هێندەش پەرۆشی یەكڕیزیی یەكێتی ناو یەكێتی بن.

بەندە، رایدەگەیەنم، دژی جیابونەوەم لەناو یەكێتیداو دژی دوو ئیدارەییم. بەتوندی دژی ئەوەشم جگە لە چارەسەركردنی كێشەكانی ناو یەكێتی، هیچ رێگەیەكی تر بگیرێتەبەر. بۆیە پێدادەگرم لەسەرئەوەی ئۆرگانەكانی یەكێتی، تەواوی دەسەڵاتی حزبی‌و سیاسییان هەبێ‌. هیچ كەسێك‌و هیچ بنەماڵەیەك، بۆی نەبێ‌، لەباتی ئۆرگانە رەسمییەكانی یەكێتی، بڕیار بدات. یان كۆبونەوە لەگەڵ هیچ لایەكدا بكات.

هەڤاڵە دێرین‌و نوێكان دەمناسن، لەهیچ قۆناغێكدا، خۆم لەبەرپرسیارێتیی نەدزیوەتەوە. بەڵام دۆخەكەی كوردستان‌و بەداخەوە هی ناو یەكێتیش وایلێهاتووە بڵێم:

چیكە، ناتوانم ئاژاوە لە ئاژاوەگێڕان قبوڵ بكەم. هەتا ئێستا لەبەرخاتری كەسوكاری شەهیدان‌و سەرۆك مام جەلال‌و پێشمەرگەو مێژووی یەكێتی خۆم بە نیمچەبەرپرسیار لەناو یەكێتی‌و لەویژدانی خۆمدا زانیووە، ئەوەی لەتواناشمدا بوبێ‌، هەوڵم داوە بۆ چارەسەر، بەڵام لەمەودوا ئەو نیمچە بەرپرسیارێتیەش كاریگەری نەماوە لەناو هاوكێشەكاندا، بۆیە پێشكەشی ئەوانەی دەكەم، لەناو هەموو جەمسەرەكاندا، هەڵپەیانە مەرام‌و نەخشەكانیان دوای مردنی سەرۆك مام جەلال بەدیبهێنن. تەنها بەیاننامەكان‌و چاوپێكەوتنی داهۆڵەكان بژمێردرێ‌، ئیتر ساغدەبێتەوە چ نەخشەیەكی شاردراوە، لەئارادایە. رەخنە تێكەڵ بە رق‌و رقیش پیلانی تۆڵەسەندنەوەی بۆ داڕێژراوە.

جەماوەری گەلەكەمان هەرچی رەخنەو ناڕەزاییان هەیە بەرامبەرمان، هەقیانە. بەڵام هەلپەرست‌و بازرگان‌و ئاژاوەگێڕان، لەباتی ئەوەی دەست بە كڵاوی شكستەكانیان بگرن، نەكا رەشەبای توڕەیی خەڵك بیبات، كەچی هێشتا زمانیان پاراوەو پاساویان سازەو تەلەفزیۆنەكانیشیان داگیركردووە!

لەكۆتاییشدا، جەخت دەكەمەوە، لەهیچ كۆبونەوەیەكدا بەشداری ناكەم، ئەگەر كۆبونەوەكە شەرعیی نەبێ‌‌و دوا دەسەڵاتی سیاسی‌و حزبی، نەگەڕێتەوە بۆ سەركردایەتی‌و مەكتەبی سیاسی یەكێتی. هەرگیز هەژمونگەری هیچ كەسێك‌و هیچ بنەماڵەیەك‌و هیچ دەستەگەرییەك، قابیلی قبوڵ نییە بۆم. چونكە كولتوری سیاسی یەكێتی وابووە. نەك ئەمەی دەگوزەرێ‌.

داوای لێبوردنیش دەكەم لەمكاتەدا، كە گەلەكەمان دوچاری باری نالەبار هاتووە، بەندە، ئەم پەیامە بڵاودەكەمەوە. بەدڵنیاییەوە، ئەگەر پەیامەكەم زۆر بەپێویست نەزانیبا، وەكو ساڵانی رابوردوو، خۆمم دەخواردەوەو ئەركەكانیشم رادەپەڕاند. بەڵام ئێستا، بەش بەحاڵی خۆم، ئیتر قسەنەكردن بە تاوان دەزانم، دیارە قسەی ئێجگار زۆرترم پێیە لەسەر روداوەكان‌و كێشەكان‌و دیاردە دزێوەكان، لەسەرانسەری كوردستاندا.. بەڵام نامەوێ‌ بە كارو كاردانەوە هیچ بڵێم، پێشینان گوتەنی: قسە لەكاتی خۆی‌و لەجێی خۆی. تەنها شانازیشم ئەوەیە كە هەركاتێك بێمە دەنگی تەواو، نە قەرزارباری حكومەتم‌و نە هیچ كەسێكی تر. منەتی هیچ لایەكیش نازانم بۆ ئەستۆپاكی. خۆم تەنها بەقەرزارباری كەسوكاری شەهیدان‌و پێشمەرگە غەدرلێكراوەكان دەزانم‌و بەس.

مەلا بەختیار

2017/10/18

Back to top button