حەشدی شەعبی و چەند بەرپرسێكی یەكێتی پارێزگارێكی دیكە بۆ كەركووك دادەمەزرێنن
دوای ئەوەی كەركووك لە لایەن سوپای پاسداران و حەشدی شەعبی بە هاوكاری بەشێكی یەكێتی داگیركرا, لەسەر داوای میلیشیاكانی حەشدی شەعبی و ئەو بەشەی بەرپرسانی یەكێتی كە رێككەوتنەكەیان لەگەڵدا كردوون، ئامادەكاریی كراوە بۆ ئەوەی رەفعەت عەبدوڵڵا بكرێتە پارێزگاری كەركووك.
خواكوڕك لە سەرچاوەیەكی تایبەت زانیوەتی “رێككەوتنێك لەنێوان حەشدی شەعبی و ئەو بەرپرسانەی یەكێتی هەیە كە رێككەوتنی هێنانە ناوەوەی هێزەكانی عێراقیان ئەنجامدا، تا ئەندامانی یەكێتی لە ئەنجوومەنی پاریزگای كەركوك لەگەڵ عەرەب و توركمانەكان كۆبوونەوەی ئەنجومەنی پاریزگا رێكبخەن و لە بری نەجمەدین كەریم، رەفعەت عەبدوڵڵا بكەنە پاریزگاری شارەكە.
هەر لەو چوارچێوەیەدا رەفعەت عەبدوڵڵا ئەمڕۆ بە رۆژنامەیەكی باڵی ئەمنی ناو باڵی دەستڕۆیشتووی یەكێتی راگەیاندووە كە رێككەوتننامەی 16ـی ئۆكتۆبەریان ئەنجامدا و دەڵێت: “نەجمەدین كەریم یەكێك لەوانە بوو كە لە سەردەمی ئەودا هەڵەی زۆر گەورە كرا، هەستم دەكرد بە مەبەست بووبێت، زۆر تەداخولم كرد، بەڵام سوودی نەبوو، ئەو پەیوەندییەی وەك یەكێتی لەگەڵ عەرەب و توركمانی كەركووك هەمانبوو، هەمووی تێكچوو، چونكە نەجمەدین كەریم ئاراستەی ئەو سیاسەتەی دەكرد كە پارتی پەیڕەوی دەكرد”.
رۆژی 16ـی ئۆكتۆبەر ژمارەیەك لە بەرپرسانی یەكێتی كە رەفعەت عەبدوڵڵا ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی یەكێك لەوان بوو، بە رێككەتنێكی تاكلایەنە، رێگەیان بۆ حەشدی شەعبی و هێزەكانی عێراق و سوپای پاسداران خۆشكرد و بە كشانەوەی پێشمەرگەكانی سەر بە حزبەكەیان پارێزگای كەركووكیان رادەستكردن.