توركمانەكانی كەركووك: رازی نین بەو رێككەوتنەی لە نێوان باڤێل و حەشدی شەعبیەوە كراوە, رای ئێمە وەرنەگیراوە

 

دوای ئەوەی بە رێككەوتنی نێوان باڤێل تالەبانی و هادی عامری و قاسم سلێمانی, میلیشیاكانی حەشدی شەعبی و پاسداران كەركووكیان داگیر كرد, یەكێك لە پەرلەمانتارە توركمانەكانی كەركووك جەخت دەكاتەوە، كە بەهەموو شێوەیەك ڕووبەڕووی ڕێككەوتنەكەی نێوان (پافیڵ تاڵەبانی و هادی عامری و قاسم سولەیمانی) دەوستنەوە و ڕازی نابن جێبەجێ بكرێت، چونكە بۆچوونی ئەوان وەرنەگیراوە.

 

حەسەن تۆران، یەكێك لە نوێنەرە توركمانەكانی كەركووك لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ڕای گەیاند: “پێموانیە بتوانرێت هەرێمی كوردستان دابەش بكرێت”.

 

لە بارەی كەركووك و ڕێكەوتنی كەسانێكی نێو یەكێتی لەگەڵ میلیشیاكانی حەشدی شەعبی و سوپای پاسدارانی ئێران، گوتی: “سەرچاوەی بێزاربوونی ئێمە لەو ڕێككەوتنە ئەوەیە، كە ترسمان لەوە هەیە ئەم ڕێككەوتنە وەكو ڕێككەوتنەكانی پێشوو تەنها خۆیان ئەنجامی بدەن بە بێ ئەوەی لایەنەكانی تری تێدا بەشدار بكەن”.

 

پەرلەمانتارە توركمانەكە، لە بەرنامەیەكی تەلەفزیۆنیدا، گوتیشی: “زانیارییەكان باس لەوە دەكەن، كە ڕێككەوتنەكە لەنێوان پافێل تاڵەبانی و هادی عامری و قاسم سولەیمانی كراوە و كەسی تر ئامادە نەبووە، دواتر داواشمان لێدەكەن ڕەزامەندی لەسەر خاڵەكانی ڕێككەوتنەكە نیشان بدەین بە بێ ئەوەی بۆچوونمان وەربگرن”.

 

حەسەن تورهان، باس لەوەش دەكات، كە ڕێككەوتنەكە لە شارەدێی ڕەشاد لە سنووری كەركووك كراوە، گوتیشی: “لایەنی حكوومەتی عێراقیش بەهیچ شێوەیەك بۆچوونی ئێمەیان وەرنەگرتووە، بۆیە بەهیچ شێوەیەك ڕازی نابین چارەنووسی كەركووك بە بێ خواستی كەركووكییەكان كە ئێمە بەشێكی گرنگین، یەكلا بكرێتەوە”.

 

جەختیشی كردەوە، كە ئەگەر ڕێككەوتنێكی لەو شێوەیە جێبەجێ بكرێت، ئەوا: “ئێمە تا دوا هەناسەمان ڕووبەڕووی دەبینەوە و دەڵێین هەر ڕێككەوتنێك پێچەوانەی خواستەكانمان بێت، ڕەتی دەكەینەوە”.

 

رۆژی 16/10/2017، میلیشیای حەشدی شەعبی، بەھۆی رێككەوتن لەگەڵ لایەنێكی كوردی، چوویە ناو شاری كەركووك، چەندین شوێنی سووتاندووە، جگە لەوەش لە شارۆچكەی خورماتوو، زۆربەی ماڵە كوردەكانیان سووتاندووە.

Back to top button