بەهۆی ڕادەستکردنی کەرکووک بەرپرسێکی یەکێتی لە حکوومەت دەستی لەکار کێشایەوە

بەرپرسێکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دەست لەکار کێشانەوەی خۆی لە پۆستەی حکوومییەکەی ڕاگەیاند و هۆکارەکەی بۆ بارودۆخی شاری کەرکووک و دەوروبەری گەڕاندەوە.

شۆڕش خدر ڕەحیم، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە سوید لەسەر پشکی یەکێتی، لە نامەیەکدا کە لە پێگەی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) بڵاوی کردەوە، ئاشکرای کرد کە لە ڕێگەی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە، بڕیاری بە دەست لەکار کێشانەوەی خۆی وەک نوێنەر بە حکوومەتی هەرێمی کوردستان داوە.

ئەوەشی ئاشکرا کردووە کە بڕیارەکەی دەرئەنجامی گۆڕانکارییەکانی بارودۆخی هەرێمی کوردستان و بەتایبەتیش بارودۆخی ”شارەکەم، شاری کەرکووک و دەوروبەری“یەتی و ڕوونی کردووەتەوە کە دەست بەجێ کارە دیپلۆماسییەکان دەوەستێنێت، بەڵام کاری بەڕێوەرایەتییە خزمەتگوزارییەکان تا 30/11/2017 درێژە پێدەدات.

 ئەو بەرپرسەی یەکێتی لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەوە نیگەرانە کە باڵێکی یەکێتی لەگەڵ میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و سوپای پاسدارانی ئێران لەسەر ڕادەستکردنی شاری کەرکووک و دەورووبەری بەو میلیشیایانە ڕێک کەوتوون.

Back to top button