گۆڕان و كۆمەڵ دژی حەشدی شەعبی دەوەستنەوە

دوای تەواوبوونی كۆبوونەوەی هاوبەشی نێوانیان بزووتنەوەی گۆڕان و كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان ڕاگەیەندراوێكیان بڵاو كردەوە و تیایدا ئیدانەی هێرشەكانی سەر شاری كەركووكیان كرد.
ئەمڕۆ هەردوو حزبی بزووتنەوەی گۆڕان كۆمەڵی ئیسلامی لە سلێمانی كۆبوونەوە دوای كۆبوونەوەكە راگەێندراوێكیان بڵاو كردەوە لە ڕاگەیەندراوە هاوبەشەكەی نێوان كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان هاتووە، پاراستنی قەوارەی هەرێمی كوردستان و داكۆكیكردن لە مافە نەتەوەیی و نیشتیمانییەكانی خەڵكی كوردستان، و چارەسەركردنی كێشەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان لە چوارچێوەی دەستووری عێراقدا، هەروەها دژی هەموو هەوڵ و نیازێكین بۆ پارچەپارچەكردنی قەوارەی دەستووریی هەرێمی كوردستان و گەڕانەوە بۆ دواوە.
لە بەشێكی ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە، داوا لە هەموو هێز و لایەن و كەسایەتییە نیشتیمانپەروەرەكانی كوردستان دەكەین پشتیوانی خۆمان بۆ راپۆرتی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی رادەگەیەنین لەمەڕ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی گشتی و چەسپاندنی پرەنسیپەكانی دیموكراسی لە هەرێمی كوردستان و چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدڕاڵی لەرێگەی گفتوگۆوە.
گۆڕان و كۆمەڵ دەڵێن، ئیدانەی هەموو ئەو تاوان و دەستدرێژی و پەلامارانەی كە یەكەكانی حەشدی شەعبی دەكەین، كە لە چەند رۆژی رابردوو بەرامبەر هاووڵاتییانیی خورماتوو و كەركووك و شوێنەكانی تر كردوویانە و سووكایەتییان بە ئاڵای كوردستان كردووە.
راگەندراوەكە ئاماژە دەكات كە پێویستە حكوومەتی فیدراڵی رێوشوێنی پێویست بگرێتەبەر بۆ كۆتاییهێنان بەو كارانە و تاوانباران رادەستی دادگا بكات و بڕیاری پێویست بدات بۆ ئاساییكردنەوەی باردۆخی خورماتوو و گەڕانەوەی ئاوارەكان و قەرەبووكردنەوەیان.
لەكۆتایی ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە، نابێت ئەنجامدانی ریفراندۆم لەم كاتەدا بكرێ بە پاساو بۆ جێبەجێكردنی ئەجێندای دوژمنكارانە بەرامبەر گەلەكەمان و تۆڵەسەندنەوە لە هاووڵاتییانی كوردستان.