نەتەوە یەكگرتووەكان : زیاتر لە 150 خانووی هاووڵاتییانی كورد سووتێنراون و تەقاونەتەوە
نەتەوە یەكگرتووەكان نیگەرانی خۆی لەبارەی ئەو راپۆرتانە پێشان دا كە باس لەوە دەكەن كە لە ناوچەكانی كێشە لەسەر لە نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا كە سوپای عێراق و حەشدی شەعبی بەم دواییە چوونەتە ناوییەوە، كاری پشێوی و تێكدان و تاڵانی و سووتاندن بۆ خانوو و دووكان و نووسینگەی لایەنە سیاسییەكان رووی داوە.
ئەمڕۆ پێنجشەم نەتەوە یەكگرتووەكان لە بەیاننامەیەكدا رای گەیاند كە سكاڵایان بەدەست گەیشتووە لەبارەی سووتاندنی نزیكەی 150 خانوو لە شارۆكەی خورماتوو لە رۆژانی 16 و 17ی ئەم مانگەدا لەلایەن گرووپە چەكدارەكانەوە، وەك ئاماژەیەك بۆ حەشدی شەعبییەوە.
هەروەها بەیاننامەكە دەڵێت كە سكاڵا هەیە كە 11 خانووی هاووڵاتییانی كورد و بەرپرسانی سیاسی كورد لە رێگەی تەقەمەنییەوە تەقێنراونەتەوە لە خورماتوو، بێجگە لە گەیشتنی راپۆرت كە باسی هێرشكردنە سەر نووسینگەی سیاسی پارتە توركمانییەكانی كەركووك دەكەن.
نەتەوە یەكگرتووەكان هانی حكوومەتی عێراق دەدات بۆ وەرگرتنی رێوشوێنی پێویست بۆ وەستاندنی هەر پێشێلكارییەك و پاراستنی گیانی هەموو هاووڵاتییان و پێشكەشكردنی ئەنجامدەرانی ئەو پێشێلكارییانە و كارەكانی تۆقاندن و بەزۆر راگواستنی خەڵكەكە بۆ دادگە.